رووداو دیجیتاڵ
نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل رایگەیاند، لەم کاتەدا قەتەر بۆ سەر ئیسرائیل "مەترسیدارترە" وەک لە ئێران. بەڵێنیشی دا ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ئەمساڵدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، قەتەر وەک "دەوڵەتێکی دووژمن" بناسێنێت.
نەفتالی بێنێت، سەرۆکی پارتی "پێکەوە"، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی گوتی: "سەبارەت بە ئێران، هەمووان دەزانن کە دەڵێن دەمانەوێت ئیسرائیل لەناو ببەین، بەڵام قەتەر پارەی تیرۆریستانی 'نوخبە'ی دابین کردووە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەردا هێرشیان کرد، هەروەها کەناڵی جەزیرە بەڕێوەدەبات کە شێرپەنجەیەکی ژەهراوییە و ئازارمان دەدات."
بێنێت ئاماژەی بەوە کرد کە قەتەر کاریگەریی گەورەی لەسەر زانکۆکانی ئەمریکا هەیە و لەوەش مەترسیدارتر، دەستی گەیشتووەتە ناو "نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل". ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دۆسیەی "قەتەرگەیت" کە تێیدا چەند یاریدەدەرێکی بنیامین نەتەنیاهوو تۆمەتبارن بە وەرگرتنی پارە لە قەتەر بۆ باشکردنی وێنەی ئەو وڵاتە لە ئیسرائیل.
سەرۆکی پارتی (پێکەوە) گوتی: "بەپێی یاساکانی ئێستا، هەر کەسێک دەتوانێت کار بۆ قەتەر بکات و ببێتە بریکاری ئەو وڵاتە، چونکە وەک دەوڵەتێکە کە وەکو دوژمن پێناسە نەکراوە. ئەمەش کارێکە نابێت تێپەڕێت و لە حکومەتی داهاتوودا دەیگۆڕین."
هەڵوێست بەرامبەر حەماس و غەززە
سەبارەت بە هەوڵەکانی ئاگربەست و چەکدانانی حەماس، بێنێت هەڵوێستی خۆی روونکردەوە و گوتی: "تاوەکو حەماس بەتەواوی چەک دانەنێت، من یەک ملیمەتریش سازش بۆ کەس ناکەم. حەماس ئێستا خەریکی خۆپڕچەککردنەوەیە و ژمارەی چەکدارەکانی لە پێش 7ـی ئۆکتۆبەر زیاترن."
بێنێت تۆمەتی ئەوەشی خستە پاڵ حەماس کە لە میسرەوە چەک و درۆن بە قاچاخ دەبەن و "لەبەردەم چاوماندا بەهێزتر دەبن."
گۆڕینی حکومەتی نەتەنیاهوو
سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات، بێنێت رایگەیاند، ئەرکی ئەوەیە حکومەتەکەی ئێستای بنیامین نەتەنیاهوو بگۆڕێت. ئاماژەی بەوەش کرد، دەیەوێت حکومەتێکی فرەڕەنگ لە نێوان راستڕەو و چەپەکان و عەلمانییەکان پێکبهێنێت، بەبێ بەشداریی پارتە ئاینییە تووندڕۆکان (حاریدییەکان) یان پارتە عەرەبییەکان.


