رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل، خۆیان ئامادە کردبوو بۆ هێرشێکی بەرفراوان و وێرانکەر بۆ سەر ئێران، بۆ ئەوەی پرد، وێستگی کارەبا، وێستگەی ئاو، پاڵاوگە و کێڵگەکانی نەوت و گاز خاپوور بکەن. بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا لە دوایین ساتدا هێرشەکە رابگرێ. چۆن و بۆچی ترەمپ لە لێواری جەنگێکی دۆزەخئاسا گەڕایەوە؟ لە پشت پەردەوە چی روویدا؟
لە چەند کاژێری پێش بڕیاری راگرتنی هێرشەکە، هەوڵێکی دیپلۆماسیی چڕ هەبوو؛ هەروەها ئاماژە لە ئێرانەوە هەبوو کە بە رێککەوتنێکی سەرەتایی رازییە. لە لایەکی دیکەوە، ئەم هەنگاوەی ترەمپ، بەشێکە لەو شێوازە دووبارەبووەوەیەی کە لە جەنگی ئەم ساڵدا پەیڕەوی کردووە. سەرەتا هەڕەشەی هێرشکردن دەکات و گوشارەکانی زیاد دەکات، پاشان لە پڕێکدا دەڵێ، بڕیارەکەی لەسەر داوای ئێران و وڵاتانی ناوچەکە راگرتووە بۆ ئەوەی دەرفەت بە دانوستاندن بدات لەسەر پرسی تەنگەی هورمز، بەرنامەی ئەتۆمی و ئاگربەست.
ترەمپ شەوی شەممە 1ـی ئاب بە کاتی ئەمریکا، کە دەکاتە بەرەبەیانی 2ـی ئاب بە کاتی هەولێر، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکەی بە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ راگەیاند.
ترەمپ چی گوت؟
ترەمپ نووسیویەتی: "ئەمریکا بەتەواوی پڕچەک و ئامادە بوو بۆ لێدان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئاستێک لە تۆقاندنی سەربازی و هێز کە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە نەبینراوە." بەڵام سەرەڕای ئەمە، گوتی: "لەلایەن ئێران و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە داوامان لێکرا هێرشەکە رابگرین، چونکە چوارچێوەی رێککەوتنێک پەسەندکراوە. ئەم رێککەوتنە بریتی دەبێت لە کردنەوەی دەستبەجێ و تەواوەتیی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران."
"لەپێناو بەرژەوەندیی داهاتووی جیهان و مانەوەی ئێرانێکی سەرکەوتوو و ئاوەدان، رازی بووم هێرشەکە هەڵبووەشێنمەوە..."
— دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکائەم راگرتنەی هێرشەکان مەرجدار بوو بە یەکلاییکردنەوەی خێرای رێککەوتنەکە. بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێی بۆردوومانێکی هەرە قورس و بەرفراوانیان دەکرد بۆسەر ژێرخانی وزەی ئێران، کە لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینیی کابینەکەی ترەمپ لە کەمپ دەیڤد پلانی بۆ دانرابوو. لەو کۆبوونەوەیەدا، ترەمپ زۆر تووڕە بووە لەوەی کە ئێرانییەکان "هەمیشە بەڵێنەکانیان دەشکێنن"، بەڵام هێشتا هیوایەکی بە هەوڵەکانی دانوستاندنکارانی وەک جارید کوشنەر، ستیڤ ویتکۆف و مارکۆ رووبیۆ هەبووە.
چەند کاژێرێک پێش پۆستەکەی ترەمپ چی روویدا؟
لە کاژێرەکانی پێش بڵاوکردنەوەی پۆستەکەی ترەمپ لە رۆژی شەممەدا چەند رووداوێک بەسەریەکەوە روويدان:
- سوپای کوێت رایگەیاند، چەند درۆنێکی ئێرانیان تێکشکاندووە کە دامەزراوە هەستیارەکانیان کردبووە ئامانج.
- عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندیی بەپەلەی بە وڵاتانی نێوەندگیر و ناوچەکەوە کرد و هۆشداریی داد کە ئێران دەستەوسان ناوەستێت و وەڵام دەداتەوە.
- محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە راستەوخۆ تەلەفۆنی بۆ ترەمپ کرد و نیگەرانیی خۆی لە پلانی هێرشکردن دەربڕی و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کرد.
- وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە نێویاندا قەتەر، ئیمارات، تورکیا و پاکستان کە وەک نێوەندگیر رۆڵیان گێڕاوە، هەوڵیاندا ئەمریکا و ئێران رازی بکەن بۆ راگرتنی گرژییەکان.
ئەم رووداوانە لە کاتێکدا بوون کە گرژییەکان لە لووتکەدا بوون. ئێران هەڕەشەی "وەڵامدانەوەی هاوتا"ی دەکرد و ئەمریکاش گوشاری سەربازیی بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی مەرجی باشتر لە دانوستاندنـە چەقبەستووەکانی تایبە بە ئاگربەست، بەرنامەی ئەتۆمی و تەنگەی هورمزدا بسەپێنێت.
تەلەفۆنەکانی عێراقچی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانیان
رۆژی شەممە، عەباس عێراقچی بە تەلەفۆن لەگەڵ هەریەک لە هاکان فیدان (وەزیری دەرەوەی تورکیا)، عاسم مونیر (فەرماندەی سوپای پاکستان) و شازادە فەیسەڵ بن فەرحان (وەزیری دەرەوەی سعودیە) قسەی کرد.
وەک لە تەلەگرامی عێراقچییەوە بڵاوکراوەتەوە، دیپلۆماتەکە هۆشداری داوە کە ئێران بە یەکلاکەرەوەیی وەڵامی هەر "دەستدرێژییەک" دەداتەوە. عێراقچی بە وەزیری دەرەوەی سعودیەی گوتووە کە هەر هێرشێک لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلـەوە بکرێ — یان وڵاتانی ناوچەکە بە هەر شێوەیەک لە هێرشەکاندا بەشدار یان هاوکار بن، بە "وەڵامێکی هاوتا" لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە رووبەڕووی دەبنەوە.
ئەم پەیوەندییانە زەنگی مەترسییان لە ناوچەکەدا لێدا. وڵاتانی کەنداو و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام ترسیان لەوە هەبووە کە ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش بکەن، ئێران لە تۆڵەدا دامەزراوە نەوتییەکانی ئەوان، بنکەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی ئەوان، یان کەشتییە بازرگانییەکان بکاتە ئامانج. ئەم هۆشدارییانە، هەوڵێکی دیپلۆماسیی بەهێزی بەدوادا هات بۆ راگرتنی هێرشەکە، کە راستەوخۆ گەیشتە ترەمپ — دیارترینیان لەرێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی شازادە محەممەد بن سەلمانەوە بوو.
ترەمپ گوتی، راگرتنی هێرشەکەی لەسەر داواکاریی "ئێران و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بووە، ئەگەرچی میدیای فەرمیی ئێران لە زاری بەرپرسێکی سەربازییەوە رەتی کردەوە لەسەر داوای تاران بووبێت.
"لەسەر داوای ئێران هێرشەکەم راگرت"
— دۆناڵد ترەمپ"داوامان نەکردووە"
— بەرپرسانی ئێرانهەروەها ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە ترەمپ بەهۆی پێشکەوتنی دانوستاندنـەکانەوە هێرشەکەی راگرتووە. خاڵی گرنگ لە راپۆرتەکەیاندا ئەوەیە کە محەممەد بن سەلمان رۆژی شەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە و نیگەرانیی خۆی لە پلانی هێرشەکە دەربڕیوه - ئەمەش چەند کاژێرێک پێش پۆستەکەی ترەمپ بووە لە ترووس سۆشیاڵ. هەروەها وڵاتانی دیکەش وەک قەتەر، ئیمارات، تورکیا و پاکستان گوشاریان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە کردووە.

