رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری سووریا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "چاوەڕوانی بەردەوامیی کاری هاوبەشین، بە گیانی هاوکاری و برایەتییەک کە دراوسێیەتیی باش بەهێز بکات".
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
ئەحمەد شەرع لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە کوردی نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لە شام پێشوازیم لە برای هێژام، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کرد".

سەرۆککۆماری سووریا لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێت، "باسمان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگاکانی بەهێزکردنی هاوکارییەکان کرد، بە جۆرێک کە خزمەت بە سەقامگیری و بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلەکەمان بکات".
لەبارەی لەخۆگرتنی پەنابەرە سووریاییەکان لە ساڵانی رابردوو لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، ئەحمەد شەرع دەڵێت، "ئێمە ئەو پشتیوانی و میواندارییەی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا بۆ گەلەکەمانی دابین کردووە، بەرز دەنرخێنین و چاوەڕوانی بەردەوامیی کاری هاوبەشین، بە گیانی هاوکاری و برایەتییەک کە دراوسێیەتییەکی باش بەهێز بکات".

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، جەخت لەوە کرایەوە "له سوورياى نوێدا مافى ههموو پێكهاتهكانى پارێزراو بێت، ههروهها سهرۆک ئهلشهرع سوپاسى ههرێمى كوردستانى كرد بۆ پێشوازى و حهواندنهوهى پهنابهرانى سووريا له كاتى شهڕدا و رايگهياند سووريا به بایهخهوه له رۆڵى عێراق و ههرێمى كوردستان دهڕوانێت".


