رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی
شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، رێکخراوی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی
بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، "تەنێکی نەناسراو"
کەشتییەکی بارهەڵگری لە تەنگەی هورمز پێکاوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە کەوتنەوەی
زیانی گیانی یان مادی نەکردووە.
دەزگاکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە،
کەشتییەکی بارهەڵگر کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، ئاگاداری کردوونەتەوە کە "بە
تەنێکی نەناسراو پێکراون." راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە رووداوەکە
لە دووریی 37 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری خەسەبـی عومان روویداوە.
ئەم رووداوە دوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە "هەر ئێستا" لەگەڵ
ئێران لە دانوستاندندان بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە لە مانگی شوباتەوە
دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی ئیفلیجکردنی جووڵەی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز؛ کە
رێڕەوێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز.
ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە بە رۆژنامەڤانانی
گوت: "گفتوگۆکان هەر ئێستا بەڕێوەدەچن و ئەمەش دوایین دەرفەتە بۆیان تاوەکو
بەڵگەنامەیەکی باش واژۆ بکەن." جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم دانوستاندنانە
"لەسەر داوای" تاران دەستیان پێکردووە و هەریەک لە سعودیە، ئیمارات و
قەتەر پاڵپشتیی دەکەن.
بەڵام لەلایەکی دیکەوە، ئێران
بەڕێوەچوونی هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەمریکای رەتکردەوە، کە ئەمەش بووە هۆی
تووڕەکردنی سەرۆکی ئەمریکا و وایکرد کە جارێکی دیکە سەرپشکیان بکات لەنێوان دوو
بژارە: یان رێککەوتن بکەن یان بەتەواوی خۆتان بەدەستەوە بدەن.



