رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران و مەسقەت لە قۆناخی کۆتایی داڕشتنی راگەیێندراوێکی هاوبەشن بۆ دیاریکردنی رێڕەوێکی ئارامی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز، بەڵام دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل هێشتا "هەڕەشەن" بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عومان وەک دوو دەوڵەتی کەناراو لە تەنگەی هورمز، بە ئامانجی دیاریکردنی رێڕەوێکی هاتووچۆی ئارام بۆ کەشتیوانیی بازرگانی لەم تەنگەیەدا، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بەردەوامبووە."
بەقایی گوتی، "رەهەندە جیاوازە تەکنیکی، یاسایی، ئەمنی و ژینگەییەکانی ئەو بابەتە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەماندا لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەیان بۆ کراوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەوتی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بە پیشەیی و بەرەوپێشچوو وەسفکرد و رایگەیاند، "لەسەر بابەتە جوگرافییەکانی ئەو رێگەیەی کە جێگەی سەرنجی هەردوولایە رێککەوتن کراوە و ئەگەر هەندێک لایەنی سێیەم لەم بوارەدا کۆسپ و تەگەرە دروستنەکەن، بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو وڵات کە سەرنج و خاڵە سەرەکییە رێککەوتووەکان لەخۆدەگرێت، لە قۆناخی لێکۆڵینەوە و داڕشتنی کۆتاییدایە."
بەقایی سەبارەت بە کاریگەریی تێگەیشتنی دوو لایەنەی ئێران و عومان لەسەر دۆخی ئەمنی و کەشتیوانیی بازرگانی لە تەنگەی هورمز، گوتی، "داخرانی تەنگەی هورمز ئەنجامی دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی بوو بۆ سەر ئێران و لێکەوتە ئەمنییەکانی بۆ تەواوی ناوچەکە، بەشێوەیەکی سروشتی تێگەیشتنی ئێران و عومان خۆبەخۆ ناتوانێت بە واتای ئارامبوونی تەنگەکە بێت بۆ ئەو کەشتییانەی پێدا تێدەپەڕن، چونکە ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی نائارامیی تەنگەی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە، بەتایبەتی گەمارۆی دەریایی و هەنگاوە دەستدرێژکارانە و هەڕەشەئامێزەکانی دیکە دژی ئێران و بەرژەوەندییەکانی، هێشتا بەردەوامن."
پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی حکومەتی ئەو وڵاتە باسی لە دانوستاندنەکانی ئێران و عومان لەوبارەیەوە کردووە و رایگەیاندووە، "دانوستاندنەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدان."
تەنگەی هورمز کە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا کرابووەوە، لەدوای پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات، جارێکی دیکە لەلایەن ئێرانەوە داخراوە.




