رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لێدوانی بەرپرسێکی باڵای پاکستانی رەتکردەوە و دەڵێت، "هیچ پلانێک بۆ سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پاکستان نییە."
رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "هیچ پلانێک بۆ سەردانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پاکستان و قەتەر نییە."
بەقایی گوتی، "پاکستان و قەتەر بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەگەڵیان لە پەیوەندیدایە و بیروڕایان لەگەڵدا ئاڵوگۆڕدەکات."
پێشتر بەرپرسێکی باڵای پاکستان رایگەیاندبوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی سەردانی پاکستان دەکات و لەلایەن سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای پاکستانەوە پێشوازی لێدەکرێت.
پاکستان کە دراوسێی ئێرانە، هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن دەدات. لە چوارچێوەی هەوڵەکانیشیاندا، ئێران و ئەمریکا لێکتێگەیشتنێکی چەند خاڵییان بەناوی رێککەوتننامەی ئیسلام ئاباد ئیمزاکرد.
یەکێک لەو پرسانەی تاوەکو ئێستا بووەتە گرێکوێرەی دانوستاندن و رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا تەنگەی هورمزە.
رۆژنامەی ئاکسیۆس لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە رایگەیاندووە، بڕیارە ئەمڕۆ ئەمریکا و ئێران و عومان رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز رابگەیێنن. هەروەها ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "تاران و مەسقەت لە قۆناخی کۆتایی داڕشتنی راگەیێندراوێکی هاوبەشن بۆ دیاریکردنی رێڕەوێکی ئارامی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز."




