رووداو دیجیتاڵ سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێت، بە پشتبەستن بە هێزی نێوخۆیی، دەستیان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک پڕە، ئاماژە بەوەشدەکات، ئاستی تەکنەلۆژیای سەربازیی وڵاتەکەی بەراورد بە هەر هێزێکی "هاوردەکراو" بەرزترە. رۆژی پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، مەجید ئیبن رەزا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران، پەیامێکی سەبارەت بە ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکەی لەبەرامبەر ئەمریکادا بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "هەموو رۆژێک، نیشانەکانی لاوازبوونی توانای دوژمن زیاتر دەردەکەون." مەجید ئیبن رەزا هۆشداریدا لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەی و گوتی، "دەستی هێزە چەکدارەکانمان بە پشتبەستن بە پیشەسازیی بەرگریی وڵات، بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک پڕە." سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران وەک ئاماژەیەک بۆ وڵاتانی کەنداو کە هاوپەیمانی ئەمریکان دەڵێت، "ئەوانەی ئەمڕۆ بەدوای کڕینی ئاسایش و باڵادەستیی سەربازیی هاوردەکراوەوەن، بەمزووانە تێدەگەن کە تەکنەلۆژیای خۆماڵیی ئێران، لە هەموو سیستمێکی ناوچەکە باڵاترە." دوای جەنگی 40 رۆژە و راگەیاندنی ئاگربەستیش، ناوبەناو پێکدادانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامبووە کە وڵاتانی ناوچەکەشی گرتووەتەوە. تاران چەندین جار هۆشداریداوەتە وڵاتانی کەنداو کە رێگە بە ئەمریکا نەدەن لە خاکی ئەوانەوە هێرشبکاتە سەر ئێران، چونکە سەرچاوەی هەر هێرشێک دەکەنە ئامانج.
ئێران06-08-2026نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێران لە مانگی ئادارەوە 56 کەسی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش لە سێدارە داوە