رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویجە، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، لە مانگی تەممووزی 2026دا، لانیکەم 71 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون.
بەپێی راپۆرتی ئەم رێکخراوە، کە پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، بڵاوکراوەتەوە، لەم مانگەدا 36 کەس بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، 26 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، هەشت کەس بە تۆمەتی ئەمنی و یەک کەسیش بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لەسێدارەدراون، هەروەها شەش کەس لەوانەی لەم مانگەدا لەسێدارەدراون لە خۆپیشاندەران بوون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، لەسێدارەدانی لانیکەم 444 کەس لە ئێران تۆمارکراوە، کە لەنێوانیاندا 12 ژن، 17 هاووڵاتیی بیانی و 80 کەس لە کەمینە نەتەوەییەکان هەن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، لەسێدارەدانەکانی ساڵی 2026 بە هەمانشێوە 28 خۆپیشاندەر (26 کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی پار و دوو کەس لە خۆپیشاندەرانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی")، 13 زیندانیی سیاسیی سەر بە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە قەدەخەکراوەکان و 12 تۆمەتباری سیخوڕی لەخۆدەگرێت.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە، ئێستا سەدان خۆپیشاندەر، لەوانەش تەنیا لە ئیسفەهان زیاتر لە 70 کەس، مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هاوکات هۆشداریدەدات لە زیادبوونی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی. مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوەکە دەڵێت، "ئێمە بەقووڵی نیگەرانین لەوەی کە بەردەوامیی پێکدادانی سەربازیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ببێتە بیانوویەک بۆ چڕکردنەوەی لەسێدارەدانەکان بەناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییەوە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گوشاری بەهێزتر و هاوئاهەنگتر، کاردانەوە بەرامبەر بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە نیشانبدات."
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زانیارییان لەسەر زیاتر لە 400 حاڵەتی دیکەی لەسێدارەدان پێگەیشتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا راستی و دروستییان پشتڕاستنەکراوەتەوە، لەم ئامارەدا هەژمارنەکراون.
لەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە، حکومەتی ئێران دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لە وڵاتەکەدا زیادکردووە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئێران لە ساڵی 2025دا دوو هەزار و 159 کەسی لەسێدارەداوە، ئەوەش بەراورد بە ساڵی پێش خۆی زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە 19ـی ئادارەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 56 کەس لە ئێران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ئاسایشی نیشتمانی" لەسێدارەدراون، کە 27ـیان پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەمساڵەوە هەبووە.
ناوەند و چالاکڤانانی مافی مرۆڤ چەندینجار نیگەرانیی خۆیان لە تووندبوونی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان و بوونی ناڕوونیی زۆر لە پڕۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتباران و دەرکردنی سزای قورس دەربڕیوە.


