رۆژی پێنجشەممە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا
سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەلایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشوازی
لێکرا. دوای کۆبوونەوە، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان کرد.
فیدان لە گوتارەکەیدا گوتی، سووریا لە دوای رزگاربوونی
لە کۆتایی ساڵی 2024ەوە، بەردەوام لەگەڵیان لە کۆبوونەوەداین و سەردانی بەردەواممان
هەبووە. ئێمە لێژنەی کار و میکانیزمی هاوبەشمان دامەزراندووە تاوەکو هاوئاهەنگیــیەکانمان
بگەیێنینە لووتکە."
فیدان: هەر رووداوێکی نەخوازراو لە سووریا هەڕەشەی راستەوخۆیە بۆ سەر
تورکیا
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، سووریا
ئێستا سەقامگیرتر بووە و وڵاتەکەی هاوکار دەبێت لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا. "لە
نێوان ئێمە و سووریادا سنوورێک هەیە کە درێژییەکەی زیاتر لە 900 کیلۆمەترە. ئێمە
خاوەنی مێژوو، کولتوور و داهاتوویەکی هاوبەشین. هەر رووداوێکی نەخوازراو لە هەر
ناوچەیەکی سووریا، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر تورکیا؛ بۆیە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر
و هاوکاریی سەربازی و پیشەسازی بۆ ئێمە کاری لە پێشینەیە."
چەکدانانی گرووپەکان
هاکان فیدان جەختی لەوە کردەوە، "دەبێ هەموو
گرووپەکان چەک دابنێن و تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا ببن تاوەکو ئاسایش
بە تەواوی بچەسپێت."
ئەو باسی لە پڕۆژە هاوبەشەکانیش کرد و گوتی:
"کار دەکەین بۆ کردنەوەی قوتابخانەی تورکی لە سووریا و دامەزراندنی زانکۆیەکی
هاوبەش. هەروەها لە کەرتی تەندروستیدا، پاش ئەوەی وەزیری تەندروستیی تورکیا لە
مانگی حوزەیراندا سەردانی سووریای کرد و رێککەوتننامەیەک واژۆ کرا، ئێستا کار بۆ
دروستکردنی چەندین نەخۆشخانە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی تەندروستی دەکەین."
پەیوەندییە بانکییەکان و رێگەی گەشەپێدان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فیدان باسی پەرەپێدانی
پەیوەندییە ئابوورییەکان کرد و گوتی: "دەمانەوێ قەبارەی بازرگانی زیاد بکەین
و ئاسانکاریی گومرگی لە سنوورەکان بکەین. پڕۆژەی (رێگەی گەشەپێدان) و بەستنەوەی رێگەکانی
گواستنەوە لە نێوان تورکیا، سووریا، ئوردن و سعودیە کاری جیدییان لەسەر دەکرێت. هەروەها
کار بۆ کاراکردنەوەی سیستەمی بانکی و هاوئاهەنگی نێوان بانکە ناوەندییەکان دەکەین."
هەڵوێست لەسەر غەززە، لوبنان و تەنگەی هورمز
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە بارودۆخی
ناوچەکە کرد و گوتیشی: "لەگەڵ هاوتا سووریاییـەکەم باسی دۆخی فەڵەستین و
لوبنانمان کرد. دەبێت دەستبەجێ شەڕ رابگیرێت و ئاگربەست رابگەیێندرێت. هەروەها پێویستە
تەنگەی هورمز بە رووی هاتووچۆی جیهانیدا بکرێتەوە. تورکیا پشتیوانی لە هەموو هەوڵە
دیپلۆماسییەکان دەکات و چیدیکە بوار بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان ناهێڵێتەوە."
فیدان دووپاتی کردەوە، سووریا دەبێتە بەشێک لە
چارەسەری کێشەکان و تورکیاش بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئەم قۆناخــە نوێیەی
بنیاتنانەوەی دەوڵەت، تاوەکو هەموو پێکهاتەکان لە ئاشتیدا بژین.
کاراکردنی رێککەوتنی دیمەشق و ئەنقەرە
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی
سووریا، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی
تورکیا، جەختی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردەوە و رایگەیاند، هەردوو
وڵات هەنگاو بەرەو بنیاتنانی ژێرخانێکی دامەزراوەیی تووندوتۆڵ دەنێن.
شەیبانی سوپاسی پێشوازیی گەرمی تورکیای کرد و
ئاماژەی بەوە کرد، دانوستاندنــەکانیان لە ئەنقەرە تیشکی خستووەتە سەر کاراکردنەوەی
"لێژنەی باڵای هاوئاهەنگیی ستراتیژی" تاوەکو رێککەوتنە سیاسییەکان بگەیێندرێنە
قۆناخــی جێبەجێکردنی پڕۆژە کردەیییەکان، بە مەبەستی پاراستنی دەستکەوتەکان لە هەموو
گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا.
ئاسایش و کۆتاییهێنان بە چەکداری
وەزیری دەرەوەی سووریا باسی پرسی ئاسایشی کرد و
رایگەیاند، دیمەشق و ئەنقەرە هاوڕان لەسەر ئەوەی سەقامگیری لەسەر بنەمای چەسپاندنی
دەسەڵاتی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە هەر جۆرە بوونێکی چەکداری لە دەرەوەی یاسادا دەبێت.
ئەو جەختی کردەوە: "سووریای یەکگرتوو و
پاک لە تیرۆر و میلیشیا، دەبێتە بەهێزترین دیوار بۆ پاراستنی سنوورە هاوبەشەکان کە
درێژییەکەیان لە 900 کیلۆمەتر زیاترە."
شەیبانی دووبارە داوای کرد، دەبێ هەمووان بگەڕێنەوە
بۆ پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتننامەی ساڵی 1974، هەروەها کشانەوە
بۆ هێڵەکانی پێش 8ی دیسەمبەری ساڵی 2024ی بە پێویست زانی بۆ پاراستنی سەروەریی
خاک.
پەرەپێدانی ئابووری و بازرگانی
لەبارەی کایەی ئابوورییەوە، شەیبانی ئاشکرای
کرد، کار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی مەزنی هێڵی ئاسن و رێگەوبان دەکەن کە سووریا،
تورکیا، ئوردن و سعودیە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ئەو سووریای وەک "خاڵی بەیەکگەیشتنی ستراتیژی"
لە ناوچەکەدا وەسف کرد. هەروەها باسی لە هاوئاهەنگیی نێوان بانکە ناوەندییەکانی هەردوو
وڵات و ئاسانکاریی گومرگی کرد تاوەکو قەبارەی بازرگانی بگەیێندرێتە لووتکە.
گەڕانەوەی پەنابەران و ئاوەدانکردنەوە
سەبارەت بە گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا بۆ نیشتمانی
خۆیان، شەیبانی گوتی، ئەمە ئەولەوییەتێکی نیشتمانیی باڵایە و بۆ ئەم مەبەستەش کار
بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، تەندروستی و قوتابخانە دەکەن.
ئەو ستایشی رۆڵی تورکیای کرد لەم بوارەدا و ئاماژەی بەوە کرد، ئاوەدانکردنەوەی سووریا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیییەکان دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی سووریا دووپاتی کردەوە، چیدیکە بوار نادرێت هیچ لایەنێک ئاسایشی ناوچەکە تێک بدات و دیمەشق ئامادەیە بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵ هەموو لایەک تاوەکو سەقامگیریی تەواو بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە.



