رووداو دیجیتاڵ رێکخراوە ناحکومییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی عومان رووبەڕووی کارەساتێکی ژینگەیی دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی دزەکردنی نەوت لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە گومان دەکرێت سەر بە "کەشتیگەلە سێبەرەکان"ـی رووسیا بێت و رووبەری سەدان کیلۆمەتر چوارگۆشەی گرتووەتەوە. رۆژی پێنجشەممە 06-08-2026 کۆمپانیایەکی ئاسایشی دەریایی رایگەیاند، کەشتییەکە بەهۆی چەند تەقینەوەیەکەوە زیانی پێگەیشتووە، بەڵام هۆکاری تەقینەوەکان هێشتا روون نییە. لەدوای هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا لە ساڵی 2022ـەوە، رووسیا کەشتیگەلێکی سێبەری لە کەشتییە کۆنەکان دروستکردووە کە خاوەندارێتییان نادیارە بۆ ئەوەی خۆی لە سزاکانی رۆژئاوا بپارێزێت. شارەزایانیش دەڵێن، خراپیی رەوشی ئەو کەشتییانە مەترسیی دزەکردنی نەوت لە دەریادا زیاتر دەکات. وێنە سەتەلایتییەکان دەریدەخەن، پەڵەیەکی نەوتی لە کەشتییەکەوە بڵاوبووەتەوە کە زیاتر لە مانگێکە لە نزیک دوورگەی قیبلییە لە کەناراوەکانی باشووری عومان گیری خواردووە. ئەو ناوچەیەش زۆر دوورە لە تەنگەی هورمز، کە لەم دواییانەدا چەندین هێرش کراوەتە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان تێیدا. نینا نۆیڵ، لە رێکخراوی گرینپیس هۆشداری لە دەرئەنجامە "سەخت و درێژخایەنەکان"ـی ئەو دزەکردنە دا و رایگەیاند: "مەترسیی روودانی کارەساتێکی ژینگەیی گەورەتر هەیە." بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوەکە، رووبەری ئەو نەوتەی دزەی کردووە لە 20 کیلۆمەتر چوارگۆشەوە لە 24ـی تەممووز، بۆ نزیکەی 600 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە 4ـی ئاب زیادیکردووە. ڤیم زڤینێنبێرگ، لێکۆڵەری ژینگەیی لە رێکخراوی ئاشتیی هۆڵەندی هەمان خەمڵاندنی بۆ قەبارەی دزەکردنەکە هەیە و ئاماژەی بەوەش کرد، تێکشانی تەواوەتیی کەشتییەکە دەبێتە هۆی کارەساتێکی ژینگەیی لە ناوچەکە و کاریگەریی قووڵ لەسەر ژیانی ماسیگرانی عومان و هەمەجۆریی زیندەوەریی دەریایی جێدەهێڵێت، بەتایبەتی کە عومان پار ئەو ناوچەیەی وەک یەدەگێکی دەریایی بۆ پاراستنی زیندەوەرە دەگمەنەکان راگەیاندبوو. لەلایەکی دیکەوە، داتاکانی ماڵپەڕی چاودێریی کەشتیوانی (Kpler) نیشانی دەدەن، کەشتیی (کارۆلین بێزێنگی) کە پێدەچێت هەمان ئەو کەشتییە بێت، لە 11ـی ئایاردا یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە بەندەری شێسخاریسی رووسیا لە دەریای رەش بارکردووە. لە مانگی شوباتیشدا، بەریتانیا سزای بەسەر کەشتیی کارۆلین بێزێنگیدا سەپاند بە گومانی تێوەگلانی لە گواستنەوەی نەوتی رووسیا. کۆمپانیای ئاسایشی دەریایی (ڤانگارد تێک) رایگەیاندووە، لە 6ـی حوزەیراندا سێ تەقینەوە لە کەشتییەکەدا روویانداوە، کە وایکردووە بزوێنەری سەرەکی و سیستمی ئاراستەکردنی لەکار بکەون، بەڵام هۆکارەکەی یان ئەوەی ئایا هێرشی کراوەتەسەر یان نا، هێشتا روون نییە. رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، ئێستا هاوکاریی عومان دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە. شارەزایانیش دەڵێن، کەشتییەکە نموونەیەکە بۆ ئەو مەترسییە ژینگەییانەی کەشتیگەلە سێبەرەکانی رووسیا بەهۆی بەکارهێنانی کەشتیی کۆن و بێ خزمەتگوزاری لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دروستی دەکەن.