رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران هەڕەشەیەکی تووند لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت، ئەگەر هێرش بکەن، ''گۆڕستان''ـی خۆیان لە ئێران دەدۆزنەوە. دەشڵێت، ئەوان توانای داگیرکردنی بستێک لە خاکی وڵاتەکەیان نییە.
ئەمڕۆ هەینی 07-08-2026، حوسێن مەعرووفی، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ کاروباری کولتووری و راگەیاندن، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: ''دوژمنان دەزانن کە توانای داگیرکردنی بستێک لە خاکی ئێرانیان نییە.''
حوسێن مەعرووفی هۆشداری دەدات کە ئەگەر سەربازانی ئەمریکا هێرش بکەنە سەر خاکی وڵاتەکەی، ''تەنیا گۆڕستانی خۆیان لە ئێراندا دەدۆزنەوە.''
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە خۆپێشاندانی شەوانەی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، کە زیاتر لە 150 شەوە بەردەوامە و گوتی: "ئامادەبوونی خەڵک لە کۆبوونەوەکاندا، پاڵپشتییە بۆ توانای مووشەکی، جەنگی دەریایی لە تەنگەی هورمز و هێزەکانی زەوینی.''
حوسێن مەعرووفی، بە ئاماژەدان بە "تۆڵەسەندنەوە''ـی خوێنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی وڵاتەکەی و فەرماندە سەربازییەکان و ''کوشتنەوە''ـی بکوژەکانیان دەڵێت، "ئێمە لە بەرەی جەنگی هزری و ئایدیۆلۆژیداین، ئامانج خۆئامادەکردنە بۆ دەرکەوتن و هاتنەدیی ئیسلام."
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی 2026، عەلی خامنەیی و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکەی، لە هێرشێکدا بۆ سەر شوێنی مانەوەی لە تاران کوژران.

.webp&w=3840&q=75)

