رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەمریکا لە رێگەی عومانەوە سەرقاڵی دانوستاندنە لەگەڵ تاران؛ ئاماژە بەوەش دەکات، واشنتن پێشنیازی کردووە باجی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز وەربگرێت و بەشێکی بداتە ئێران، بەڵام پێشنیازەکەی رەتکراوەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 07-08-2026، ئەحمەد بەخشایش، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران باسی لە پرۆسەی دانوستاندنی نێوان وڵاتەکەی و عومان کرد لەسەر تەنگەی هورمز و رایگەیاند: ''ئێران بە ناوی عومان خەریکە لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندن دەکات.''
بەگوتەی ئەحمەد بەخشایش، ئەمریکا نایەوێت بچێتە ژێرباری داواکارییەکانی ئێران، ''بۆیە عومانی خستووەتە پێشەوە و دانوستاندنمان لەگەڵ دەکات.''
بەر لە جەنگی 40 رۆژەش ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمزی دەکرد، بەڵام لەکاتی جەنگەکەدا دایخست. وەک ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران گوتی: ''دوای داخرانی تەنگەکە، ئەمریکا پێشنیازی کرد باجی تێپەڕبوونی کەشتییەکان وەربگرێت و بەشێک لە داهاتەکەی بداتە ئێران، بەڵام تاران ئەو پێشنیازە و هەبوونی ئەمریکای لە ناوچەکە رەتکردەوە.''
ئەحمەد بەخشایش ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆتاییدا ئەمریکا ناچار بوو لە رێگەی عومانەوە بێتە نێو گفتوگۆکان و ''ئێستا مەسقەت لەبری واشنتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دانوستاندن دەکات.''
وەک ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، پشکی ئێران لە ئاوەکانی تەنگەی هورمز 75٪ـە و 25٪ـەکەی دیکەی بەر عومان دەکەوێت، ''واتا ئەگەر باج لە کەشتییەکان وەربگیرێت، دەبێ سێ لەسەر چواری داهاتەکە بۆ تاران بێ.''
هێشتا گفتوگۆکانی تاران و مەسقەت بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و دیاریکردنی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان بەردەوامن. ئەحمەد بەخشایش ئەردستانی ئەوەشی خستەڕوو: ''بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە باسی لێوە دەکرێ، ئێران 7%ـی باجی باری کەشتییە تێپەڕبووەکان وەردەگرێت و بەڕێوەبردنی رێڕەوە ئاوییەکەی لەدەستدا دەبێت.''
وەک ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، بەپێی ئەو رێکخستنەی بڕیارە لەنێوان مەسقەت و تاران بکرێ، کەشتییەکان لە ئاوەکانی ئێرانەوە دەچنە نێو تەنگەی هورمز و لە رێڕەوێکی هاوبەشی عومان و ئێرانیشدا دەردەچن، "هەروەها سەروەریی رێڕەوە ئاوییەکەش لەدەست ئێراندا دەبێ کە پێشتر لەدەست ئەمریکادا بووە و هیچ داهاتێکی بۆ تاران نەبوو''.
قسەکانی ئەحمەد بەخشایش ئەردستانی لەکاتێکدان تاران هەبوونی هەر دانوستاندنێکی سەبارەت بە تەنگەی هورمز لەگەڵ ئەمریکا رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، چارەنووسی رێڕەوە ئاوییەکە تەنیا پەیوەندی بە عومان و ئێرانەوە هەیە.
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، رێککەوتن بۆ ئاساییبوونەوەی هاتووچۆی کەشتییەکان بە رێڕەوە ئاوییەکەدا نزیکە.

.webp&w=3840&q=75)

