رووداو دیجیتاڵ
هەریەکە لە تورکیا و سعوودیە رۆژی هەینی جەختیان لەوەکردەوە کە ئەو رێککەوتنە بەرگرییە هاوبەشەی لەگەڵ پاکستان واژۆیانکردووە، دژی هیچ وڵات یان لایەنێکی دیاریکراو نییە. ئەم هەنگاوە نوێیەش لەکاتێکدایە، ناوچەکە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران و هێرشەکانی حووسییەکانەوە لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە.
بورهانەدین دوران، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "رێککەوتننامەی مەککە، کە ئامانج لێی هیچ وڵاتێکی دیاریکراو نییە، ئاسایشی هاوبەش و هێزی بەرپەرچدانەوەی بەکۆمەڵی ئەم سێ وڵاتە بەهێزدەکات و بەشداردەبێت لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەمان."
هاوکات رائید کرملی، جێگری وەزیری دیپلۆماسیی گشتیی سعوودیە، گوتی، ئەم هاوپەیمانییە سەربازییە هیچ پەیوەندییەکی بە "خواستی ئەتۆمی"ـیەوە نییە و مەترسیش نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێک.
کرملی گوتی، "ئەم رێککەوتنە هەوڵێک نییە بۆ دروستکردنی بەرەی سەربازیی یان تائیفی، هەروەها پەیوەندی بە پێشبڕکێی چەکەوە نییە، بەڵکو تەنیا جەخت لەسەر بنیاتنانی توانای سەربازیی بەردەوام دەکاتەوە."
رێککەوتنی بەرگریی مەککە و گۆڕانی هاوپەیمانییەکان
سعوودیە، تورکیا و پاکستان رۆژی هەینی، "رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە"یان واژۆکرد. ئەم هەنگاوەی ریاز بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی لەکاتێکدایە، جەنگی واشنتن و تاران رێڕەوە ئاوییەکانی تەنگەی هورمز و دەریای سووری پەکخستووە.
جەنگی ئێران وایکردووە، تاران و هاوپەیمانە حووسییەکانی بوێرتر بن لە هێرشکردنەسەر سعوودیە، هاوکات واشنتنیش چیدیکە وەک هاوبەشێکی جێگەی متمانە لای وڵاتانی ناوچەکە نابیندرێت. بەپێی رێککەوتنەکە، هەر هێرشێک بکرێتەسەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر دوو وڵاتەکەی دیکە هەژماردەکرێت.
رۆژی هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە شاری مەککە لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە کۆبووەوە. هاوکات شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتەش بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە گەیشتنە سعوودیە. تاهیر ئەندرابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، ئەم سەردانە گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ قۆناخی دوای تەنگژەکانی ئێستا.
سعوودیە و پاکستان لە ساڵی 2025ـدا رێککەوتنێکی بەرگرییان واژۆکرد، کە سەرنجی زۆری لەسەربوو، بەوپێیەی پاکستان تاکە وڵاتی ئیسلامیی خاوەن چەکی ئەتۆمییە.
حووسییەکان و شکانی ئاگربەست
ئەم رێککەوتنە لەکاتێکدا واژۆدەکرێت کە ئاگربەستی نێوان ریاز و حووسییەکانی یەمەن بەتەواوی داڕماوە. حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیدەکرێن، گەمارۆی دەریاییان بەسەر بەندەرەکانی سعوودیەدا سەپاندووە و هێرشدەکەنە سەر نەوتهەڵگرەکانی ئەو وڵاتە لە دەریای سووردا.
رۆژی پێنجشەممە، تەنیا یەک رۆژ پێش واژۆکردنی رێککەوتنەکە، حووسییەکان بە درۆن و مووشەک هێرشیانکردە سەر هێزەکانی حکومەتی یەمەن و بەوهۆیەوە لانیکەم 58 سەرباز کوژران، ئەمەش بە خوێناویترین رۆژی جەنگی یەمەن لە چەند ساڵی رابردوودا دادەنرێت.



.jpg&w=3840&q=75)