رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان دوو بنەماڵەدا لە رۆژهەڵاتی قودس/ئورشەلیم، سێ فەلەستینی کوژران، کە دووانیان لە کاتی دەستوەردانی پۆلیسی ئیسرائیلدا بە تەقەی راستەوخۆ گیانیان لەدەستدا.
شەڕ و ئاڵۆزییەکە شەوی رابردوو لەنێوان دوو بنەماڵە لە ناوچەی سلوان روویدا. دوای کوژرانی کەسێک لە شەڕەکەدا، پۆلیسی ئیسرائیل دەستوەردانی کرد و تەقەی لە دوو فەلەستینی دیکە کرد.
پۆلیسی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان رووبەڕووی "ململانێیەکی تووند لەنێوان چەند خێزانێک" بوونەوە.
پۆلیس دەڵێت: "هێزەکانمان دوو تۆمەتباریان بینی کە چەک و بۆمبی سووتێنەر (مۆلۆتۆڤ)یان پێبوو و مەترسیی راستەوخۆیان لەسەر گیانی ئەفسەرانمان دروست کردبوو، بۆیە تەقەیان لێکرا و لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا."
بەڵام حوسێن زێر، چالاکڤانی سلوان دەڵێ، پێش دەستوەردانی پۆلیس، دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە دەچوو، بەڵام پۆلیسی ئیسرائیل ئاگری فیتنەکەی خۆشکرد.
حوسێن زێڕ روونیکردەوە، کێشەی نێوان دوو بنەماڵەی (ئەعوەر) و (عەباسی) کۆنە و بەهۆی شەڕی چەند گەنجێکەوە سەریهەڵداوەتەوە.
ئەو چالاکڤانە پرسیاری کرد: "بۆچی پۆلیس راستەوخۆ تەقەی لەو کەسانە کرد؟ بۆچی تەقەی لە قاچ و قۆڵی نەکردن بۆ پەکخستنیان؟"
ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سووتاندنی چەندین خانوو نیشان دەدەن لە ئەنجامی شەڕی نێوان هەردوو بنەماڵەکەدا.
رۆژهەڵاتی قودس، کە لە ساڵی 1967ەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراوە، بە بەردەوامی رووبەڕووی ئاڵۆزییە ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە. ناوچەی سلوان یەکێکە لە ناوچە هەرە هەستیارەکان بەهۆی نزیکی لە شوێنە پیرۆزەکان و بەردەوامیی هەوڵەکانی جووە نیشتەجێبووەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و زەویی فەلەستینییەکان.



