رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی کۆریای باشوور و ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسایشی تەنگەی هورمزیان تاوتوێ کرد، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سیئۆل رایگەیاندبوو، هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری بەشداریکردن لە پاراستنی ئەو رێڕۆ دەریاییە گرنگەدا دەکات.
ئەمڕۆ هەینی 11-9-2026 چۆ هیون، وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بارودۆخی ئەمدواییەی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمزیان گەنگەشەکرد.
ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام گوشاری خستووەتە سەر سیئۆل تاوەکو لە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هاوکاریی سەربازی پێشکێش بکات. وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەسەر داوای تاران کراوە.
گوشارەکانی ترەمپ و دوودڵیی سیئۆل
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند بۆنەیەکدا رەخنەی لە سیئۆلی هاوپەیمانی گرتووە بەوەی داواکارییەکانی واشنتنی بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز رەتکردووەتەوە؛ ئەو تەنگەیەی کە بۆ دابینکردنی نەوتی جیهان بایەخێکی گەورەی هەیە.
لە وەڵامی ئەم داواکارییانەدا، کۆریای باشوور تیمی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە راستییەکان ناردووە تاوەکو هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی مەیدانیی تەنگەکە بکەن؛ بەڵام سیئۆل باسی لەوە کردووە هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەبارەی ناردنی هێزی سەربازی بۆ ناوچەکە نەداوە.
هۆشداریی تووندی تاران بە کۆریای باشوور
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ئەوە هات کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداریی دایە سیئۆل لەوەی هەر بەشداریکردنێکی سەربازی لەو ململانێیەدا "لێکەوتەی مەترسیداری" دەبێ.
لە بەستێنی ئەم گرژییانەدا، تاران رژدە لەسەر ئەوەی رێگە بە هێزی سەربازیی بیانی نەدات لە ئاوەکانی تەنگەی هورمز جێگیرببن، لە کاتێکدا دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تاران بەهۆی کێبڕکێ لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچەیە بە تەواوی چەقیون و بێ ئەنجام ماونەتەوە.
لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28-2-2026ـەوە، هاتووچۆی کەشتیوانی لەنێو ئەم رێڕۆیە دەریاییە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و بازاڕەکانی وزەی جیهانی تووشی شڵەژان کردووە.
تەنگەی هورمز بە شادەماری وزەی جیهان دادەنرێت و پێش جەنگ نزیکەی پێنجیەکی نەوتی جیهان و بەشێکی زۆری گازی سروشتیی شلکراوەی پێدا تێپەڕدەبوو.
تەنگەی هورمز گرنگترین تەنگەی ئاویی جیهانە بۆ گواستنەوەی نەوت، کە کەنداوی فارس بە دەریای عومان و زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە. رۆژانە بە ملیۆنان بەرمیل نەوتی وڵاتانی هەناردەکاری کەنداو لەم رێڕەوەوە بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا و ئەورووپا دەگوازرێتەوە.
کۆریای باشوور بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی نەوت لەنێوخۆیدا، زیاتر پشت بە نەوت و گازی هاوردەکراوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبەستێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئێران لە 28ـی شوباتی ئەم ساڵدا، سیئۆل کەوتووەتە نێوان بەرداشی داواکاری و گوشارەکانی واشنتن بۆ بەشداریکردنی سەربازی لە لایەک و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تاران لەلایەکی دیکە.



