رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات، ''بە تووندی وەڵامی هەر ''دەستدرێژی''ـیەک دەدەنەوە؛ دەشڵێت: ''هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە و کەشتییەکانی دووژمن بەرگرییەکی رەوایە''.
ئەمڕۆ چوارشەممە 09-09-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیێندراوێکی لەسەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی وڵاتەکە بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: ''هێزە چەکدارەکانمان وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی دووژمن بە تووندی دەدەنەوە.''
راگەیێندراوەکە دوای ئەوە بڵاوکراوەتەوە، کە دوێنێ سێشەممە سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەندین کەشتیی ئێران. وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە، هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانیان لە کەنداو و دەریای عومان بە ''پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان'' دەزانێت و دەڵێت: ''ئەم دەستدرێژییە درێژکراوەی هەنگاوە سەربازییەکان، گەمارۆ دەریایی و سزا ئابوورییەکانی سەر ئێرانە''.
هەر ئەمڕۆ سوپای پاسدارانیش لە تۆڵەی هێرشەکانی واشنتن بۆ سەر کەشتییەکانی ئێران، بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە ئوردن کردە ئامانج و هەڕەشەی لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی نزیک کوێت و بەحرێنیش کرد، کە دەیانکاتە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا ئەوەش هاتووە، هێرشەکانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن و چەند کەشتییەکی ئەمریکی، "بەرگریی رەوا"ـیە لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکادا.
دوو هەفتەیە هێرشی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی یەکدی لە کەنداو و تەنگەی هورمز دەستیپێکردووەتەوە.
ئەمە دووەم جارە لە کەمتر لە هەفتەیەکدا واشنتن لە وەڵامی هێرشکردنە سەر کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا، کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران دەکاتە ئامانج. بە گوتەی سێنتکۆم، رۆژی شەممەش هێزەکانی ئەمریکا سێ کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانیان تێکشکاندووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر فڕۆکەهەڵگرێکی ئەمریکی و کەشتییەکی وێرانکەری مووشەکهەڵگر.
لەگەڵ ئەوەشدا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لە وەڵامی هێرشەکانی ئێراندا بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان. روبیۆ لە سەردانێکیدا بۆ کۆلۆمبیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئێران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ لێدانی کەشتییە دەریاییەکانی ئەمریکا، هەر جارێکیش ئەو کارە بکەن یان هەوڵی بۆ بدەن، کەشتیی نەوتهەڵگر لەدەستدەدەن."

.jpeg&w=3840&q=75)
