رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سەرەکیی پایتەختی سعودیەیان لە ئەستۆ گرت و رەتیشیان کردەوە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە پاشەکشەیان پێکرابێت. ئەوە لە کاتێکدایە سوپای یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە جیاوازەکان دەستپێکردووە.
رۆژی سێشەممە 06-10-2026 سوپای یەمەن بڵاویکردەوە، حووسییەکانیان لە ناوچەکانی دەوروبەری تەنگەی بابولمەندەب، هەروەها لە شاری موخا دەرکردووە. بەڵام بەهۆی خێرایی رووداوەکان و سەختیی گەیشتنی رۆژنامەڤانان بە ناوچەکە، پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە ئەستەمە.
یهحیا سهریع، گوتهبێژی سهربازیی حووسییهكان لە تیلیگرام رایگهیاند، چەکدارەکانیان هێشتا کۆنترۆڵی تەواوی ئەو ناوچانەیان بەدەستەوەیە کە مانگی رابردوو لە کەناراوەکانی دەریای سوور دەستیان بەسەردا گرت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند کاژێری رابردوودا دەیان هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی حکومەت لە چەند ناوچەیەک.
رۆژی دووشەممە حووسییەکان رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی ریاز و پاڵاوگەیەکی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فلایت رادار 24، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز بەردەوام رووبەڕووی داخرانی کاتیی ئاسمانییەکەی دەبێتەوە. هەرچەندە دەسەڵاتدارانی سعودیە بە فەرمی دانيان بە داخستنەکان یان هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەکە نەناوە، بەڵام رۆژی سێشەممە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی ئەو وڵاتە رایگەیاند، لانیکەم سێ کەس لە هێرشەکانی رۆژێک پێشتر بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی جازان و نەجران لە نزیک سنووری یەمەن بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە، هێزەکانی حکومەتی یەمەن کە لەلایەن سعودییەوە پاڵپشتیی ئاسمانی دەکرێن رایانگەیاند، لە "چەندین بەرەوە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە،" بەڵام سەرچاوە سەربازییەکانی ناو حکومەت خۆیان لە پشتڕاستکردنەوەی کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوەتیی موخا پاراست و تەنیا گوتیان تاکە رێگەی دابینکردنی پێداویستییەکانیان بۆ ناوچەکە پچڕاندووە، هەروەها حووسییەکانیان لە چەند ناوچەیەکی باشووری رۆژئاوای تەعز دەرکردووە.
حکومەتی یەمەن رایگەیاندووە، ئامانجیان کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەیە لەژێر دەستی حووسییەکانن.
دوای چوار ساڵ لە ئاگربەست، شەڕی ناوخۆی یەمەن لە مانگی تەممووزەوە سەریهەڵداوەتەوە و بووەتە بەرەیەکی نوێ لە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە مانگی شوبات بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانە و بەردەوامیی هێرشەکانی حووسییەکان، رۆژی دووشەممە هەریەک لە پاکستان و تورکیا بەڵێنیان دا هێز رەوانەی سعودیە بکەن.
ئەم ململانێیانە قەیرانێکی گەورەی مرۆیی لێکەوتووەتەوە. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی حووسییەکان لە کەناراوەکانی دەریای سوور زیاتر لە 184 هەزار کەسی ناچار بە ئاوارەبوون کردووە.

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)