رووداو دیجیتاڵ
نوعمان مەحموود، فەریقی خانەنشینکراوی پاکستانی وەک یەکەم ئەمینداری گشتیی "پەیماننامەی مەککە بۆ بەرگری" دیاریکرا.
ئەو فەرماندە 57 ساڵانە بۆ سێ ساڵ وەک ئەمینداری گشتی خزمەت دەکات، لە کاتێکدا سعودیە، پاکستان و تورکیا هەنگاو دەنێن بۆ گۆڕینی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشیان بۆ رێبازێکی کردەیی تایبەت بە هاوئاهەنگی سەربازی.
دیاریکردنی نوعمان مەحموود لە کاتێکی گرنگدا دەبێت بۆ هاوپەیمانییەکە، کە لە ئابی رابردوودا واژۆکرا و رۆژی دووشەممە بۆ یەکەمجار لە وەڵامی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە چالاککرا.
نوعمان مەحـموود زیاتر لە سێ دەیە ئەزموونی سەربازی لەگەڵ خۆی دەباتە ئەم پۆستە، کە لە کاروانەکەیدا ئۆپەراسیۆنی مەیدانی، مەشق و راهێنانی سەربازی، شیکاریی هەواڵگری و پلانڕێژیی ستراتیجی لەخۆدەگرێ.
ئەزموون لە سوپای پاکستان
نوعمان مەحموود لە ساڵی 1969 لەدایکبووە، لە ئەیلوولی 1987دا پەیوەندی بە سوپای پاکستانەوە کرد و لە فەوجی بەلووچ دەستبەکاربوو.
لە سەرەتای کاروانەکەیدا، لە کۆلێژی فەرماندەیی و ئەرکان لە کوێتا، پایتەختی هەرێمی بەلووچستانی باشووری رۆژئاوای پاکستان خزمەتی کرد، لەوێ چەندین پۆستی راهێنانی هەبوو.
هەروەها راهێنانی پێشکەوتووی سەربازی و خوێندنی لە پاکستان و میسر تەواوکرد و لە زانکۆی بەرگریی نیشتمانی لە ئیسلامئاباد خوێندی، لەوێ بڕوانامەی ماستەری لە زانستەکانی جەنگدا بەدەستهێنا.
پاشان نوعمان مەحموود بووە فەرماندەی فیرقەیەکی پیادە لە وەزیرستانی باکوور، کە یەکێکە لە هەستیارترین ناوچە ئەمنییەکانی پاکستان و لەوێ سوپا ساڵانێک ئۆپەراسیۆنی دژی گرووپە چەکدارەکان ئەنجامدا
هەواڵگری و ئەفغانستان
دواتر نوعمان مەحموود وەک بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی شیکاری لە دەزگای هەواڵگریی نێوان خزمەتگوزارییەکانی پاکستان (ISI) خزمەتی کرد.
کاری نوعمان لەوێ بریتی بوو لە شیکردنەوەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییە نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، کە ئەزموونی لە ئاسایشی نیشتمانی و پەیوەندییە ئەمنییە دەرەکییەکانی پاکستاندا پێبەخشی.
لە نیسانی 2019دا، پلەی ئەو هاووڵاتییاە بۆ فەریق بەرزکرایەوە و وەک پشکنەری گشتیی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاری لە بارەگای گشتیی سوپای پاکستان دیاریکرا.
پاش هەشت مانگ، لە کانونی یەکەمی 2019دا وەک فەرماندەی فەیلەقی 11، کە بە فەیلەقی پێشاوەریش دەناسرێ، دیاریکرا کە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی سوپای پاکستان.
ئەم فەرماندەییە زۆر تایبەتە، بەهۆی بەرپرسیارێتیی لە بەرامبەر ناوچەکانی نزیک لە سنووری ئەفغانستان.
نوعمان مەحموود لە ماوەی گۆڕانکارییە گەورەکانی ئەفغانستانی دراوسێدا سەرۆکایەتیی فەیلەقەکەی دەکرد، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرەو کۆتاییهێنان بە ئامادەیی سەربازیی دوو دەیەیی خۆی دەڕۆیشت و نیگەرانییە ئەمنییەکان لە سنووری پاکستان و ئەفغانستان زیادیان دەکرد.
ئەو فەرماندەیە لەم پۆستەدا مایەوە تاوەکو تشرینی دووەمی 2021، کاتێک وەک سەرۆکی زانکۆی بەرگریی نیشتمانی لە ئیسلامئاباد گەڕایەوە بۆ بواری ئەکادیمیی سەربازی، کە یەکێکە لە دامەزراوە پێشەنگەکانی پاکستان بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیجی و ئاسایشی نیشتمانییەکان.
نوعمان مەحموود سەرۆکایەتیی زانکۆکەی کرد تاوەکو لە نیسانی 2023دا لە سوپای پاکستان خانەنشین بوو.
یەکەم بەرپرسی پەیمانی مەککە بۆ بەرگری
سێ ساڵ دوای خانەنشینبوونی، نوعمان مەحموود گەڕایەوە بۆ رۆڵێکی دیاری بەرگریی هەرێمی.
پاکستان هەڵبژاردنی ئەوی وەک یەکەم ئەمینداری گشتیی پەیمانی مەککە بۆ بەرگری راگەیاند، هەروەها لیژنەی سیاسی، ستراتیجی و بەرگریی هاوپەیمانییەکە رۆژی دووشەممە دیاریکردنی ئەوی بۆ ماوەی سێ ساڵ پشتڕاستکردەوە.
ئەمیندارییەتیی هاوپەیمانییەکە بنکەکەی لە ریاز دەبێت و پاکستان لە یەکەم خولدا پۆستی ئەمینداری گشتی وەردەگرێ. چاوەڕوان دەکرێ پۆستەکە لە خولەکانی دواییدا لەنێوان هەرسێ وڵاتی ئەندامدا بێت.
دەستبەکاربوونی نوعمان مەحموود لەم پۆستەدا لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانییەکە بە خێرایی لە رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشەوە بەرەو چوارچێوەیەکی سەربازیی کردەیی هەنگاو دەنێت.
پەیماننامەی مەککە بۆ بەرگری بەگوێرەی رێککەوتنێک دامەزرا کە لە 7ی ئابدا لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە؛شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە واژۆکرا.
پەیماننامەکە دەڵێت، هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر هەموویان ئەژمار دەکرێ.
.jpg&w=3840&q=75)


.webp&w=3840&q=75)
