رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئێران "بە تەواوی کۆنترۆڵی" تەنگەی هورمزی لەدەستداوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئابووریی تاران "بە تەواوی لە داڕماندایە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئەسینای پایتەختی یۆنان، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "تەنگەی هورمز کراوەیە. ئێستا نزیکەی هەمان ئەو بڕە نەوتەی کە پێش دەستپێکردنی ئەم شەڕە هەناردە دەکرا بەوێدا تێپەڕ دەبێت؛ کەواتە ئێرانییەکان بە تەواوی کۆنترۆڵی تەنگەکەیان لەدەستداوە."
روبیۆ باسی لەوەش کرد کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، ئابووریی ئێران کەوتووەتە دۆخێکی یەکجار خراپەوە کە کەم وڵات لە جیهاندا تووشی بوون و گوتی هەر دۆلارێک دەست دەسەڵاتدارانی تاران بکەوێت بۆ حیزبوڵڵا و حەماسی خەرج دەکەن.
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، روبیۆ زۆر بە کورتی و راشکاوی گوتی: "نابێت ئێران چەکی ئەتۆمیی هەبێت؛ بابەتەکە زۆر سادەیە، تەواو و بڕایەوە!"
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە هەر رێککەوتنێک کە لەلایەن ئەمریکاوە قبووڵ بکرێت، دەبێت دەستەبەری ئەوە بکات کە ئێران هەرگیز نەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات. هەروەها گوتی ئێران دەیویست هێزێکی سەربازیی ئەوەندە گەورە دروست بکات کە کەس نەتوانێت لێی نزیک بێتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)