رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبهای لە سعودیە دەکات و دەڵێ، هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانی مەدەنی "بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند: "سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها دەکەم. هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانی مەدەنی قبووڵکراو نییە."
مەسرور بارزانی دەڵێ: "پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکەم و هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ گەل و سەرکردایەتی شانشینی عەرەبستانی سعودی دەردەبڕین."
ئەمڕۆ دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنیی حووسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی شا خالید لە ریاز و ئەبها لە باشووری وڵاتەکە، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 36 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی راگەیێندراوی دەستەکە، لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها دوو ژن بە رەچەڵەک مەغریبی و جەزائیری گیانیان لەدەستداوە، هاوکات 28 کەسی دیکەش بریندار بوون کە زۆربەیان هاووڵاتیی سعودین، لەگەڵ دوو کەسی بەنگلادیشی و فلیپینی.
هەروەها لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەخت، هاووڵاتییەکی سوودانی گیانی لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون کە پێکهاتوون لە پێنج سعودی، دوو میسری و هاووڵاتییەکی پاکستانی. جگە لە زیانە گیانییەکان، بەشێک لە بینا و دامەزراوەکانی هەردوو فڕۆکەخانەکە زیانی مادییان بەرکەوتووە.

