رووداو دیجیتاڵ
هەشت رۆژە شۆفێرانی بارهەڵگر لە 20 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران مانیان گرتووە.
شوفێرە مانگگرتووەکان داوا دەکەن کێشەکانیان چارەسەر بکرێ. بۆ نموونە، سووتەمەنییان بە هەرزان پێبدرێ، کرێی گواستنەوە زیاد بکرێ، تێچووی بیمە کەمبکرێتەوە و دادپەروەری لە پێدانی باردا هەبێ.
لەگەڵ مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگریش بەشێک لە شۆفێرانی تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی مانیان گرتووە.
بەپێی راپۆرتی یەکێتیی خاوەن بارهەڵگر و شۆفێرانی ئێران، لە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەوە شۆفێران لە شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان و بانە لە پارێزگای سنە؛ هەروەها لە شارەکانی ئیلام، دێهلوڕان، مێهران و ئەیوان لە پارێزگای ئیلام، بە راگرتنی بارهەڵگرەکانیان بە تەواوی دەستیان لە کار و بارکردنی کاڵا هەڵگرتووە.
لە رۆژانی رابردوویشدا شۆفێرانی کرماشان، دیواندەرە لە پارێزگای سنە، خوڕماوە لە لوڕستان و زیاتر لە 20 شاری دیکەی ئێران وەک تاران، ئیسفەهان، ئەهواز، شیراز و بەندەرعەباس مانیان گرتبوو.




