رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پۆلیسی ناوەندی کرماشان دەڵێت، دەستیان بەسەر زیاتر لە 20 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پەیوەست بە دۆسیەکە سێ کەسیان دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ شەممە 17-10-2026، حەیدەر حەقجوویان، فەرماندەی پۆلیسی ناوەندی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنووری شارەکە بەڕێوەبردووە.
بەگوتەی حەیدەر حەقجوویان، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەستیان بەسەر 20.239 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گرتووە.
فەرماندەی پۆلیسی کرماشان ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەست بە دۆسیەکە سێ قاچاخچی و فرۆشیاری مادەی هۆشبەریشیان دەستگیر کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
کرماشان لەسەر هێڵی ترانزێت و بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر هەڵکەوتووە. ساڵانە لە پارێزگاکە دەست بەسەر زیاتر لە 15 تۆن مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا دەگیرێت.
رۆژی چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکیان لەسەر ئاستی پارێزگاکە بەڕێوەبردووە کە تێیدا دەستیان بەسەر یەک تۆن و 130 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە و لانیکەم 214 فرۆشیار و قاچاخچیی مادەکەش دەستگیر کراون.



