رووداو دیجیتاڵ
هێرشکردنە سەر کەنیسەیەک لە پارێزگای کەرەکی ئوردن، زنجیرەیەک هێرشی دوو دەیەی رابردووی ئوردنی هێنایەوە یاد، لەوانەش 10 هێرش کە ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداریان لێکەوتەوە.
9ـی تشرینی دووەمی 2005؛ تەقینەوەی هۆتێلەکانی عەممان
سێ تەقینەوە سێ هۆتێلیان لە پایتەختی ئوردن کردە ئامانج، کە بریتی بوون لە "رادیسن ساس"، "گراند حەیات" و "دایز ئین" و لە ئەنجامدا 60 کەس کوژران و نزیکەی 200 کەسی دیکە لە هاووڵاتییانی ئوردن و بیانی بریندار بوون.
4ـی ئەیلوولی 2006؛ تەقەکردن لە گەشتیاران لە عەممان
لە بەردەم شانۆی رۆمانی لە نێوەڕاستی پایتەخت، تەقە لە کۆمەڵێک گەشتیاری بیانی کرا، لە ئەنجامدا گەشتیارێک کوژرا و پێنجی دیکە بریندار بوون.
1ی ئاداری 2016؛ رووبەڕووبوونەوەی شانەی ئەربەد
هێزێکی ئەمنی و سەربازی ئۆپەراسیۆنێکیان دژی شانەیەکی چەکدار لە شاری ئەربەد لە باکووری ئوردن ئەنجامدا، کە بووە هۆی کوژرانی نەقیب راشد زیود و حەوت چەکدار.
6ی حوزەیرانی 2016؛ هێرشکردنە سەر نووسینگەی هەواڵگریی بەقعە
هێرشێکی چەکداری بۆ سەر نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی گشتی لە ناوچەی بەقعە لە باکووری عەممان بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج کارمەندی نووسینگەکە لە بەیانیی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزاندا. دواتر دەسەڵاتداران دەستگیرکردنی ئەنجامدەرەکەیان راگەیاند و دادگەی ئاسایشی دەوڵەت سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد.
21ـی حوزەیرانی 2016؛ تەقینەوەی روکبان
ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بنکەیەکی هێزەکانی ئوردنی لە نزیک سنووری سووریا کردە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی حەوت سەرباز و برینداربوونی 15ـی دیکە.
18ـی کانوونی یەکەمی 2016؛ هێرشی کەرەک و قەڵاکەی
هێرشەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 10 کەس، کە حەوتیان کارمەندی ئاسایش و پاسەوانانی سنوور بوون، لەگەڵ دوو هاووڵاتیی ئوردنی و گەشتیارێکی کەنەدی؛ هەروەها 34 کەسی دیکە بریندار بوون.
هێرشەکە بە تەقەکردن لە هێزێکی ئەمنی لە ناوچەی قەترانە دەستیپێکرد، پێش ئەوەی هێرشکاران بچنە شاری کەرەک و لەنێو قەڵا مێژوووییەکەیدا خۆیان حەشار بدەن.
ئۆپەراسیۆنەکە بە کوژرانی چوار هێرشکارەکە و رزگارکردنی ئەو کەسانەی لەنێو قەڵاکەدا گیریان خواردبوو، کۆتاییهات.
10ـی ئابی 2018؛ تەقینەوەی فوحێس
بۆمبێکی چێندراو یەکەیەکی هاوبەشی هێزەکانی پاسەوانانی سنوور و ئاسایشی گشتی لە نزیک فێستیڤاڵی فوحێس لە رۆژئاوای عەممان کردە ئامانج، کە لە سەرەتادا بووە هۆی کوژرانی کارمەندێکی پاسەوانانی سنوور و برینداربوونی شەشی دیکە. دواتر یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و ژمارەی کوژراوان بۆ دوو کەس بەرزبووەوە.
11و 12ی ئابی 2018؛ رووبەڕووبوونەوەی شانەیەک
بەدواداچوون بۆ تەقینەوەی فوحێس بووە هۆی هەڵکوتانە سەر شانەیەک لە شاری سەلت. ئەندامانی شانەکە تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کرد و ئەو باڵەخانەیەی خۆیان تێدا حەشاردابوو، تەقاندیانەوە.
حکومەت کوژرانی چوار کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و سێ ئەندامی شانەکەی راگەیاند، لەگەڵ دەستگیرکردنی پێنجی دیکە.
15ی کانوونی یەکەمی 2022؛ تەقەکردن لە شارۆچکەی حوسێنییە
لەکاتی مامەڵەکردنی هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ پشێوی لە ناوچەی حوسێنییە لە پارێزگای مەعان لە باشووری وڵات، تەقە لە هێزە ئەمنییەکان کرا، کە بووە هۆی کوژرانی عەبدولڕەزاق دەلابیح، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای مەعان و برینداربوونی دوو ئەفسەری دیکە.
دواتر و لە 19ـی هەمان مانگدا، سێ کارمەندی ئاسایش کوژران و پێنجی دیکە بریندار بوون لەکاتی هەڵکوتانە سەر ماڵی گومانلێکراوی کوشتنی دەلابیح. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا گومانلێکراوەکە کوژرا.
23ـی تشرینی یەکەمی 2024؛ هێرشی کەنیسەی قەشە جیرییەس
لە کەنیسەی قەشە جیرییەس بۆ رۆمە ئۆرتۆدۆکسەکان لە ناوچەی حەمود لە پارێزگای کەرەک، تەقە لە بەشداربووانی پرسەیەک کرا.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی رایگەیاند، 34 کەس گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان، کە حەوتیان گیانیان لەدەستداوە و 27ـی دیکەیان لەژێر چارەسەردان.
مازن فەرایە، وەزیری ناوخۆ هێرشەکەی بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" ناوبرد و رایگەیاند، "راوەدوونانی تاوانباران بەردەوامە."



