زریان رۆژهەڵاتی
تا ئەم ساتە، باسی دانوستاندنی گریمانەیی نێوان تاران و حیزبە کوردییەکانی دژبەری، بە دەستپێشخەریی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە باڵۆنێکی تاقیکردنەوە دەچێت بۆ پێوانەکردنی کاردانەوەی شەقام و لایەنە سیاسییەکان، نەک پڕۆژەیەکی گەڵاڵەکراو کە سەرەتا و کۆتاییەکەی دیاربێت. ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانەکەدایە زیاتر لە خودی دیالۆگ، ورووژاندنی "پرسی دیالۆگ"ە؛ کە ئەویش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر بارەگای ئەو حیزبانە.
تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوەی کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر هەر جۆرە دانوستاندنێکی لەگەڵ حیزبەکان رەتکردەوە، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەردەی لەسەر ئەوە لادا کە لەگەڵ ئێران باسی لە ئەگەری دەستپێکردنی پرۆسەیەکی هاوشێوەی نێوان تورکیا و پەکەکە بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵات کردووە. چەند رۆژێک دواتریش، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ عێراق لەسەر دەرکردنی ئەوحیزبانە رێککەوتوون!
پشپەردەی ئەم باسە هەرچی بێت، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی مەیدانی و ستراتیژی هەن کە دەکرێت پاڵ بە لایەنەکانەوە بنێن بۆ بیرکردنەوە یان لانیکەم باسکردنی بژاردەی گفتوگۆ:
دۆخی ناوخۆیی ئێران و فاکتەری کوردی
ئێران لەم قۆناخەدا لە بەرزەخی "نە شەڕ و نە ئاشتی"دایە و دۆخی ناسەقامگیری ئابووری و سیاسی، زەوینەی بۆ نیگەرانی بەرپرسانی تاران لە ناڕەزایی ناوخۆیی رەخساندووە. تاران رووبەڕووی گەمارۆیەکی تووندی دەریایی، ئاسمانی و وشکانی بووەتەوە؛ لە دۆخێکی ئاواشدا، هەر جموجۆڵێکی سیاسیی نەیار یان شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایی مەترسییەکان بۆ زیاتر چەند هێندە دەکات، بەرپرسانی ئێرانیش بەرامبەر بەم خاڵە زۆر هەستیارن.
لە سەرەتای جەنگەکەوە، یەکێک لەو سیناریۆیانەی کە هاوتەریب لەگەڵ هێرشە سەربازییەکاندا باسی لێ دەکرا، هەڵگیرساندنی ناڕەزایی ناوخۆیی و پەلکێشانی دۆخەکە بوو بەرەو شەڕی ناوخۆ. گریمانەکە لەسەر بنەمای راپەڕینی خەڵک داڕێژرابوو. هەر ئەمەش وایکردبوو دۆناڵد ترەمپ لە دەستپێکی شەڕەکەدا بڵێت: "ئێمە ئۆپەراسیۆنێک دەکەین، دواتر با خەڵک خۆیان راپەڕن و دامەزراوەکان کۆنترۆڵ بکەن". چاوەڕوانییەکان وابوون شارە گەورەکان و ناوچەکانی ناوەندی ئێران، چ بە هاندانی کوڕی شای پێشوو یان لە رێگەی ناڕەزایی نوخبەی سیاسیی ناوخۆوە بێت، ببنە چەقی خۆپیشاندان.
ئەم چاوەڕوانییە پشتی بە ئەزموونی خۆپیشاندانەکانی کۆتایی 2025 و سەرەتای 2026 بەستبوو. بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی (ACLED) کە بۆ ئەم بابەتە شیکردنەوەم بۆ کردوون، زیاتر لە 84٪ی خۆپیشاندانەکانی ئەو ماوەیە لەسەر هێڵێکی جوگرافیی نێوەڕاستی ئێران چڕ ببوونەوە کە لە باکوورەوە تاوەکو باشوور و کەناراوەکانی کەنداو درێژ دەبووەوە، بەڵام پێچەوانەی پێشبینییەکان، کوڕی شا نەیتوانی هیچ درزێک لەناو سیستمی حوکمڕانیدا دروست بکات، یان لە کاتی جەنگەکەدا شەقام بە قەبارەی خۆپیشاندانەکانی پێشوو بجووڵێت.
بەڵام لە دۆخی ئێستا بەلووچستان گۆڕاوە بۆ چەقی سەرەکیی پێکدادانی نێوان گرووپە چەکدارییەکانی بەلوچ و دەوڵەت. بەپێی ئامارێک، لە کۆتایی ئاداری ئەمساڵەوە تاوەکو 10ی ئۆکتۆبەر، لانیکەم 63 پێکدادانی چەکداری لەو پارێزگایەدا روویانداوە و لەم دواییانەشدا گڕوتینێکی زیاتریان سەندووە، بە جۆرێک لە سەرەتای 2026ەوە تاوەکو 10ی ئۆکتۆبەر، زیاتر لە 48٪ی کۆی پێکدادانە چەکدارییەکانی سەرتاسەری ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان تۆمار کراون. ئەگەرچی بەشێکی سەرەکیی ئەم هەڵکشانە رەگوڕیشەی کۆنتری هەیە، بەڵام ناکرێت ئەو گریمانەیەش نادیدە بگرین کە لەوانەیە تێکدانی ئاسایشی سنوورەکانی ئێران-پاکستان بەشێک بێت لە پڕۆژەیەکی فراوانتر بۆ دابڕان و پەکخستنی ئابووریی تاران کە ئێستا لە کاردایە.
ئێران خاوەنی زیاتر لە 5,869 کیلۆمەتر سنووری وشکانییە لەگەڵ دراوسێکانیدا، کە دوای گەمارۆی دەریایی، وەک سییەکانی هەناسەدانی لیهاتووە بۆ بەرگەگرتنی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا، بەڵام تێکچوونی ئاسایشی سەرسنوور، ئەم دەرفەتەش دەخاتە مەترسییەوە. هەموو سنووری 909 کیلۆمەترییەکەی نێوان ئێران و پاکستان دەکەوێتە پارێزگای سیستان و بەلووچستانەوە، کە ئێستا چالاکیی گرووپە چەکدارە بەلووچەکان تییدا زیاتر بووە.
لە بەرەی رۆژئاواشەوە، هەرچەندە بەغدا لەژێر گوشاری واشنتندا چاودێریی سەر فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکانی تووندتر کردووە، بەڵام هێڵێکی سنووریی 1,458 کیلۆمەتری لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە کە 580 کیلۆمەتری دەکەوێتە هەرێمی کوردستانەوە. ئەم جوگرافیایە بایەخێکی حەیاتی بۆ ئابووریی ئێستای ئێران هەیە. بەهۆی سەختیی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ئەو سنوورانە ئەستەمە و هەمیشە دەرفەتی خۆدزینەوە لە گەمارۆکانی تێدا دەمێنێتەوە، بەو مەرجەی نەبێتە گۆڕەپانی شەڕێکی وشکانی لە نێویشیاندا شەڕێکی ناهاوسەنگ لەگەڵ حیزبە کوردییەکان. هەرچەندە ئەمساڵ تەنیا 4٪ی پێکدادانە چەکدارییەکانی ئێران لە ناوچە کوردنشینەکاندا روویانداوە، بەڵام تاران نایەوێت لەم ساتەوەختەدا سەرباری هەڕەشەی سەر شاڕێگە ئابوورییەکانی، بەرەیەکی نوێی شەڕیش لە کوردستان بکاتەوە و هاوشانی هێرشەکانی بەلووچستان باری ئەمنیی سەرشانی خۆی قورستر بکات.
ئەگەری دەرکەوتنەوەی شەڕ و فاکتەری کوردی
لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایی پار و سەرەتای ئەمساڵدا، بە پێچەوانەی خولەکانی پێشووتر، هەریەک لە کورد و بەلووچ بەشدارییەکی سنوورداریان هەبوو؛ بە جۆرێک لە سیستان و بەلووچستان رێژەی خۆپیشاندانەکان تەنیا نزیکەی 2٪ی کۆی خۆپیشاندانەکانی ئێران بوو، لە ناوچە کوردنشینەکانیش نزیکەی 11٪ بوو، کە 93٪ی ئەو رێژەیەش لە ناوچەی کوردە شیعەکاندا تۆمار کرابوو. هاوکات، حیزبە کوردییەکانیش بەو شێوەیەی بانگەشەی بۆ دەکرا نەچوونە ناو جەنگەکەوە. لە راستیدا، تەنانەت ئەگەر خواستی بەشداریکردنیشیان هەبووبێت، ئامادەکارییەکی مەیدانیی ئەوتۆ لە ئارادا نەبوو.
وەک پێشتریش لە نوسینێکدا ئاماژەم پێ دابوو، ئەو هەڵمەتە میدیاییە چڕەی باسی لە ئەگەری هاتنەناوەوەی کوردی بۆ شەڕەکە دەکرد، زیاتر بەشێک بوو لە تاکتیکێکی گەورەتری "فریودانی ستراتیژی" نەک پلانێکی کرداری. سەرەڕای بانگەشەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هیچ ئامادەکاری و راهێنانێکی سەربازی لەو ئاستەدا نەدەبینرا کە بۆ کردنەوەی بەرەیەکی نوێی جەنگ پێویست بوو. ئەگەر بەڕاستی حیزبەکان لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیلیش لە لایەکی دیکەوە، بڕیاری کردنەوەی بەرەیەکی کوردییان هەبوایە، نە هەولێر و نە بەغداش نەیاندەتوانی ببنە بەربەست؛ هەروەک چۆن هێزەکانی ئەمریکا توانییان بۆ رزگارکردنی فڕۆکەوانێکی خۆیان لە قووڵایی سەتان کیلۆمەتردا لەناو خاکی ئێران ئۆپەراسیۆنی دابەزاندنی ئاسمانی ئەنجام بدەن، یان بنکەی سەربازیی کاتی لە بیابانەکانی عێراقدا دابنریت، ئا بەوجۆرەش گواستنەوەی چەند سەد شەڕڤانێکی کوردیش بۆ ناو ئێران کارێکی ئاسان دەبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، هاوکێشەکە بۆ قۆناخی داهاتوو جیاوازە. ئەمجارە تاران دڵنیا نییە لەوەی ئەگەر جەنگ هەڵبگیرسێتەوە، سنووری پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کوێدا دەوەستێت؛ چونکە بۆ واشنتن و تەلئەڤیڤ ئەوە سەلمێنراوە کە گۆڕینی رەفتاری سیاسی یان رووخاندنی رژێمی ئێران تەنیا بە هێرشی ئاسمانی ناکرێت. ئەم تێگەیشتنە گومان و نیگەرانییە ئەمنییەکانی تارانی بەرامبەر بە حیزبە کوردییەکان قووڵتر کردووەتەوە. لەبەر ئەمە، بێلایەنیی ئەو حیزبانە لە شەڕی رابردوودا نەبووە قەڵخانێک بۆ پاراستنیان لە هێرشەکانی ئێران؛ چونکە کێشەی تاران تەنیا ئەوە نییە ئەم هێزانە لە رابردوودا چییان کردووە یان ئیستا چی دەکەن، بەڵکوو لەوەدایە لە ساتی گۆڕانی هاوکێشەکان و لە شەڕێکی درێژخایەندا دەتوانن چی بکەن.
لە ئەگەری بەردەوامبوونی جەنگدا، حیزبەکانی رۆژهەڵات کە ژمارەیەکی زۆر کەمیان دیالۆگیان لەگەڵ ئێران رەتکردۆتەوە، دووبارە دەکەونە بەردەم دووڕێیانێکی سەخت: یان گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ تاران – عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەیان لە بەرامبەر راگرتنی چالاکیی سەربازیدا، یان هەڵبژاردنی شەڕ هاوشێوەی گرووپە بەلووچەکان؛ کە بێگومان بژاردەی دووەم مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان ئەستەم دەکات. لەم سۆنگەیەوە، جووڵەکانی ئێستای ئێران لە هەنگاوێکی پێشوەختە دەچن بۆ کۆتوبەندکردنی بژاردەکانی بەردەم ئەو حیزبانە لە داهاتوودا.
لە ساڵی 2023وە، سێ وێستگەی سەرەکی ژینگەی مانەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتیان لە هەرێمی کوردستان گۆڕیوە: رێککەوتنی ئەمنیی بەغدا و تاران کە دۆسیەی ئەو حیزبانەی خستە ناو چوارچێوەی پابەندییە فەرمییەکانی عێراقەوە، جەنگەکانی ئێران لە ساڵانی 2025–2026 کە تێچووی ئەمنیی مانەوەی ئەوانی لە هەریمی کوردستان قورستر کرد، لەگەڵ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە کە پرسیارێکی ستراتیژیی لەسەر داهاتووی ئەو ناوچە شاخاوییانە دروست کردووە کە دەیان ساڵە پەناگەی ئەو حیزبە بووە. لێرەدا "قەندیل" چەقی ململانێکەیە. پرسیارە جەوهەرییەکەش ئەوەیە کە ئەگەر پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا لەگەڵ تورکیا ئەو ناوچانە چۆڵ بکات، کێ بۆشاییەکەی پڕ دەکاتەوە؟ ئێران هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە حیزبەکانی رۆژهەڵات نەڕۆنەوە ئەو شاخانە کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە جێیان هێشتووە. رەنگە ئەمە نهێنیی ستراتیژییە دووسەرەکەی تاران بێت کە لە یەک کاتدا پەیامی گفتوگۆ دەنێرێت و لەولاشەوە پەنجەی لەسەر پەلەپیتکەی درۆنەکان بێت. ئەم دوو رێبازە چەندە لە رواڵەتدا دژبەیەکیش بن، لە ناوەڕۆکدا تەواوکەری یەکترن و ئامانجیان رێگریکردنە لە سەرهەڵدانی واقیعێکی نوێ کە دەستی حیزبەکان بۆ کردەی سەربازی واڵاتر بکات.
روانگەی جیاواز لەسەر باسی دیالۆگ
بۆ عێراق، دۆسیەی ئەم حیزبانە بەشێکە لە هاوکێشەیەکی سەختی راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان تاران و واشنتن. بەغدای رەسمی هەوڵێکی ئەوەیە خۆی لە پریشکی شەڕێکی هەرێمی بپارێزێت و خاکەکەی نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان. هێورکردنەوەی پرسی حیزبەکانی رۆژهەڵات، بیانوویەکی بەردەوامی گوشارەکانی تاران لەسەر بەغدا- هەولێر دەبڕێت؛ لە هەمان کاتیشدا حکومەتی عێراق ناچارە ئەم هەنگاوانە بە جۆرێک بنێت کە زیان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و هاوسەنگییە ناوخۆییەکانی نەگەیەنێت.
بۆ هەرێمی کوردستانیش، پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی دیالۆگ هەنگاوێکی خۆپارێزییە، بەتایبەت ئەگەر شەڕ دەست پێ بکاتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە دەکرێ لە پشتپەردەی ئەم هەوڵانەشەوە، کێبڕکێیەکی شاراوەی نێوان پارتی و یەکێتی هەبێت کە هەریەکەیان دەیەوێت لەسەر ئاستی ناوچەکە وەک کارەکتەری سەرەکیی نێوەندگیری لە نێوان دەوڵەتان و هێزە کوردییەکاندا دەربکەوێت.
تورکیاش لەم هاوکێشەیەدا چاودێرێکی بێلایەن نییە. ئەنقەرە ترسی لەوە هەیە کە لەوانەیە تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ئێران یان گۆڕانی حیساباتی تاران، پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لەبار ببات. لە دیدی تورکیاوە، گەیشتن بە رێکخستنێکی نوێ لەسەر سنوورەکان سەبارەت بە حیزبەکانی رۆژهەڵات، دەتوانێت ژینگەیەکی ئارامتر بۆ سەرخستنی پرۆسەکەی خۆی لەگەڵ پەکەکە مسۆگەر بکات.
ئەگەرچی هێشتا دانوستاندنێکی راستەقینە لە ئارادا نییە، بەڵام بەرژەوەندییە جیاوازەکان وا دەکەن کە هەر لایەنە و لە گۆشەنیگای خۆیەوە پێشوازی لە بیرۆکەی گفتوگۆیەک بکات کە هێشتاش- لانیکەم بە فەرمی- لە ئارادانییە: تاران لەبەر مەترسییەکی داهاتوو، حیزبەکانی رۆژهەڵات لەبەر مانەوەیە، بەغدا بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر شانی، هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی و ئەنقەرەش بۆ پاراستنی رێڕەوی پرۆسەکەی لەگەڵ پەکەکەدا.

