رووداو دیجیتاڵ
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە تووندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی گادی ئایزنکۆت، سەرکردەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی کرد، کە داوای لە فەرماندەکانی سوپا کردبوو گوێڕایەڵیی بڕیارەکانی بنیامین نەتەنیاهوو نەبن؛ کاتس ئەو هەنگاوەی بە "دژە دیموکراسی" ناوبرد.
رۆژی چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026، یسرائیل کاتس لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "بانگەوازەکەی ئایزنکۆت بۆ ئەفسەرانی باڵای سوپا بەوەی گوێڕایەڵیی رێنماییەکانی سەرۆکوەزیران یان من یان بەرپرسانی ئەمنیی پەیوەندیدار نەبن، بەو پاساوەی گوایە 'پشتیوانیی ئەویان لەپشتە'، لێدوانێکی دژە دیموکراسی، نائاسایی و دوورە لە واقیع."
گادی ئایزنکۆت، کە پێشتر سوپاسالاری ئیسرائیل بووە و ئێستا سەرکردەیەکی دیاری ئۆپۆزیسیۆنە، دوای هەڵبژاردنەکانی رۆژی سێشەممە لە گوتارێکدا رایگەیاند، نەتەنیاهوو تەنیا سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەرە و شەرعییەتی جەماوەریی لەدەستداوە.
ئایزنکۆت رووی دەمی کردە فەرماندە باڵاکانی سوپای ئیسرائیل و گوتی، "سوپا دەبێت خزمەت بە دەوڵەت بکات نەک بە سەرۆکوەزیران، لە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ ئاڵنگاریکردنتان بە تووندی بوەستنەوە؛ ئێوە پشتیوانیی بێ مەرجی منتان لەپشتە."
ئەم ناکۆکییە سیاسی و سەربازییە ناوخۆییەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، نەتەنیاهوو چەندین جار هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران کردووە؛ لە کاتێکدا بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، ئەیاڵ زامیر، سوپاسالاری ئێستای ئیسرائیل، پێش هەڵبژاردنەکان دژی پلانە نوێیەکانی سەرۆکوەزیران بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران وەستاوەتەوە.
لە بەرامبەردا، یسرائیل کاتس هەبوونی ناکۆکی لەنێوان سوپا و سەرۆکوەزیراندا رەتکردەوە و لێدوانەکانی ئایزنکۆتی بە بەشێک لە "کەمپینێکی درۆ" ناوبرد، کە دەیەوێت وا پێشان بدات لەسەر پرسی هێرشکردنە سەر ئێران لە نێوان نەتەنیاهوو و فەرماندەکانی سوپادا درز دروستبووە.


