رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە، لە تەنگەی هورمز درۆنێکی ئەمریکییان کردووەتە ئامانج. بانگەشەی ئەوەش دەکات ئەوە 14ەم درۆنی (MQ1) بووە کە لە ناوچەکەدا تێکشکێنراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-10-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سوپاکە لە تەنگەی هورمز و نزیک سیریکی سەر بە پارێزگای هورمزگان، درۆنێکی ئەمریکییان ''سەرکەوتووانە'' خستووەتە خوارەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، درۆنەکە لە جۆری (MQ1)ـی ئەمریکییە، کە یەکێک لە پێشکەوتووترین درۆنەکان بۆ کاروباری سیخوڕی، وێنەگرتن و هێرشبردن.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەوە 14ـیەم درۆن لە جۆری (MQ1) بووە کە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە تەنگەی هورمز و ئاسمانی باشووری وڵاتەکە کراوەتە ئامانج.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، تاوەکو ئێستا 54 درۆنی دیکەی ئەمریکی لە جۆری (MQ9) لە ئاسمانی ناوچەکەدا تێکشکێنراوە.
تاوەکو ئێستا بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا لەوبارەوە هیچ لێدوانێکیان نەداوە.
راگەیاندنی تێکشکاندنی درۆنەکە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 25-10-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کرد، هێزە چەکدارەکانیان زەبرێکی کوشندەیان لە ژێرخانی سەربازیی ئێران داوە؛ ''هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی بۆ ئێران نەماوەتەوە؛ هەر 259 فڕۆکە جەنگییەکەیان تێکشکێندراون و بوونەتە پارچەی بچووک؛ هەروەها هەموو کەشتییەکانیان نوقم کراون و 159 کەشتییان ئێستا لە بنی دەریادان و رادارەکانیشیان لە کار خراون".


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)