رووداو دیجیتاڵ
دادگەی شۆڕشی تاران سزای لەسێدارەدانی بۆ بەندکراوێکی کورد دەرکرد. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، هاونیشتمانییەکە لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێراندا دەستگیر کراوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە شەوی پێنجشەممە 29-10-2026 بڵاوی کردووەتەوە، دادگەی شۆڕشی تاران سزای لەسێدارەدانی بۆ عومران ئەمانی، هاونیشتمانیی تەمەن 21 ساڵان و دانیشتووی تاران دەرکردووە.
عومران ئەمانی لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێراندا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە تاران دەستگیر کرابوو و ئێستا لە زیندانی (فەشافوویە)ـی پارێزگاکە زیندانی کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیاری دادگە بۆ لەسێدارەدانی، بە تۆمەتی ''تێکدانی ئاسایشی گشتی لە رێگەی بەکارهێنانی چەکەوە'' (موحاربە) دەرکراوە و لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بە فەرمی بە عومران راگەیێندراوە.
خۆپێشاندانەکانی ئێران کە لە 28-12-2025 دەستیان پێکرد. بەپێی ئاماری ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران ناسراو بە هرانا، 53 هەزار و 552 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران.
دەسەڵاتی دادی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، بەشێک لەو کەسانەی دەستگیرکراون سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و سزاکانیان بە خێرایی جێبەجێ دەکرێ.


.webp&w=3840&q=75)
