رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رەخنەی تووند لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپا لە بەرامبەر جەنگ دەگرێت و هۆشدارییان پێدەدات کە "شەڕ و تیرۆر باجی هەیە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئێوە باجەکەی بدەن."
موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی ئەورووپا کرد و نووسیویەتی: "هەر دوێنێ بوو ئەورووپا شانازیی بە کارە پیسەکانی رژێمی زایۆنییەوە دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ لە دەست ئەو ملیاران دۆلار زیانەی کە شەڕ لەگەڵ ئێران بۆی دروستکردوون، هاواری لێ هەستاوە".
رەزایی لە درێژەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "کاتێک چەپڵەتان بۆ تاوانەکانی جەنگ لێدەدا، بیرتان لەوە نەدەکردەوە کە لێکەوتەکانی یەخەی ئێوەش بگرێتەوە؟ شەڕ و تیرۆر باجی هەیە. ئێستا ئیدی نۆرەی ئێوەیە باجەکەی بدەن".
ئەم لێدوانەی موحسین رەزایی لە کاتێکدایە، شەڕ و ئاڵۆزییەکان کاریگەرییەکی ئابووریی بەرچاویان لەسەر ئەورووپا داناوە.
دان یۆرگنسن، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری وزە و نیشتەجێکردن، مانگی رابردوو گوتی، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران، وڵاتانی ئەندامی یەکیێتی ئەورووپا، 100 ملیار یۆرۆی زیادەیان بۆ هاوردەکردنی وزە خەرج کردووە.
دوێنێ پێنجشەممەش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم فەرەنسادا بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوییە، بەتایبەتی نرخی وزە کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوەیە.
ماکرۆن لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی: "ئەو قەیرانەی هێزی کڕینی خەڵکی کەمکردووەتەوە بریتییە لە جەنگی ئێران، گەمارۆدانی تەنگەی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی. ئەوە زیادکردنی باج نییە، بڕیاری حکومەت نییە و چاکسازیی خانەنشینیش نییە کە بووەتەهۆی سەرهەڵدانی ئەم جووڵە کۆمەڵایەتییە."
گوتەکانی سەرۆکی فەرەنسا دوای ئەوە هاتن کە لە چەند هەفتەی رابردوودا خۆپێشاندانی بەرفراوان لە شارەکانی فەرەنسا بەڕێوەچوون.
بە گوتەی قوتابییان و سەندیکاکانی تایبەت بە خوێندن، بەرزیی تێچووی ژیان، بەرزی کرێی خوێندن و خراپی سیستم هۆکاری خۆپێشاندانەکانیانن. بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، نزیکەی پێنج هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکران.
رۆژی 28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی و ئیسرائیل وەڵامیدانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخست کە ئێستا ئەمریکا دەڵێت، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیاندایە و تارانیش رەتیدەکاتەوە.
رۆژی دەستپێکی جەنگەکە بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 72 دۆلار بوو بەڵام ئێستا بە 117 دۆلارە. ئەمە


.webp&w=3840&q=75)