رووداو دیجیتاڵ
کەناڵی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئیسرائیل (کان) دەڵێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 10 فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی بۆ بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی نەگێڤ لە باشووری ئەو وڵاتە گواستووەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی دژی ئێران.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە فڕۆکە ئەمریکییەکان لە هەردوو بنکەی ئاسمانیی (عۆڤدا) و (نەڤاتیم) نیشتوونەتەوە، هاوکات ژمارەیەکی دیکە لە فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکاش رەوانەی بنکەکانی ئەو وڵاتە لە ئوردن، سعودیە و قەتەر کراون.
بەپێی راپۆرتەکەی کەناڵی کان، فڕۆکەکان لە بنکەی سەربازیی فۆرت بلیس لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکاوە فڕیون، کە یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئەمریکای لەخۆگرتووە.
تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن واشنتنەوە لەسەر ئەم جووڵانە نەدراوە و هێشتا روون نییە ئەو فڕۆکانە چ جۆرە کەرەستەیەکی سەربازییان بارکردووە یان ئایا واشنتن بڕیاری کۆتایی لەسەر لێدانی ئێران داوە یان نا.
هاوئاهەنگی تەلئەڤیڤ و واشنتن بەر لە بڕیارەکەی ترەمپ
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە کەناڵەکەی راگەیاندووە کە ئیسرائیل و ئەمریکا هاوئاهەنگیی سەربازیی زۆر نزیک لە نێوانیاندا هەیە و گوتی: "ئیسرائیل و ئەمریکا بە تێروتەسەلی هاوئاهەنگی دەکەن، هەرچەندە هێشتا هیچ بڕیارێک لەسەر ئەم بابەتە نەدراوە، بەڵام ئەمریکییەکان و ئیسرائیل خۆیان بۆ هەر بڕیارێک ئامادە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆک بیدات."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە جۆر یان کاتی هیچ بڕیارێکی جەنگێکی نوێ دژی ئێران نەکرد.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، کەناڵی کان ئاشکرای کرد کە واشنتن هۆشداریی داوەتە وڵاتانی کەنداو لە ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کورتخایەن و سنووردار دژی ئێران. بەپێی کەناڵەکە، سوپای ئەمریکا سیستمی بەرگریی مووشەکیی پاتریۆتی لە ویلایەتی تێکساسەوە گواستووەتەوە بۆ بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی لە ناوچەی کەنداو.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، وەک رێکارێکی خۆپارێزی لە ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان، رێنمایی دراوەتە ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە بنکەکانی سەرانسەری ناوچەکە جێگیرکراون کە ئەو بنکانە جێبهێڵن؛ هەروەها هێزەکانی ئەمریکا خەریکی پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەکی خۆیانن و چاوەڕوان دەکرێ لە مانگی تشرینی دووەمدا کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگر و یەکەیەکی هێزی دەریایی (مارێنز) بگەنە ناوچەکە.
بژاردەکانی سێنتکۆم بۆ ترەمپ و کاردانەوەی سیناتۆرێکی دیموکرات
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، جەنەڕاڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، کۆمەڵێک بژاردەی لەبارەی لێدانی ئێران خستووەتە بەردەم ترەمپ.
کریس مۆرفی، سیناتۆری دیموکرات لە کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند کە خۆی و چەندین سیناتۆری دیکە زانیارییان لەسەر پلانە ئەگەرییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پێدراوە و پلانەکانی بە "شێتانە" ناوبرد.
مۆرفی هۆشداری دا کە ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی زیادبوونێکی وێرانکەر و رەنگە پابەندبوونی ئەمریکا بە سەروەریی یاسا لاواز بکات.

.jpg&w=3840&q=75)

