رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەمریکی ئاشکرای کرد، شاندی وڵاتانی نێوەندگیر، بە پێشەنگایەتیی قەتەر بڕیارە رۆژی شەممە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببنەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەى نێوەندگیرانى قەتەری رۆژی هەینی زیاتر لە 12 کاژێر لە تاران گفتوگۆی چڕیان کرد، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان واشنتن و تاران.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، شاندی نێوەندگیر لە میانی گفتوگۆکانیاندا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بوون لەگەڵ کۆشکی سپی. دەگوترێت: "پێشکەوتنی ئەرێنی بەدیهاتووە بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی رێککەوتنەکە".
دەوحە هەوڵ دەدات لایەنەکان رازی بکات بە زنجیرەیەک هەنگاوی هاوسەنگ لە ماوەی چەند رۆژێکدا، تاوەکو رێگە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی راستەوخۆ لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی و دۆخی ئاسایشی ناوچەکە خۆش بکات.
مەرجەکانی واشنتن و داواکارییەکانی تاران
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، پرۆسەی دانوستاندن بەهۆی دوو داواکاریی پێچەوانەوە رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە؛ ئیدارەی ترەمپ پێداگری دەکات لەوەى دەبێت ئێران لە چوارچێوەی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکاندا سازشی ئەتۆمی بکات، لە بەرامبەردا تاران داوای کردووە پێشوەختە گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی هەڵبگیرێت، پارە سڕکراوەکانى ئازاد بکرێن و رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتەکەی بدرێتەوە.
لەو نێوەندەدا، نێوەندگیرەکان کار لەسەر ئەوە دەکەن تاران رێگە بە پشکنەرانی نێودەوڵەتی بدات سەردانی بنکە ئەتۆمییە زیانلێکەوتووەکان بکەن لە بەرامبەر سووککردنی هەندێک لە سزاکانی ئەمریکا.
رای جیاواز لە کۆشکی سپی
لە ناوخۆی ئیدارەی ترەمپدا ناکۆکی لەسەر بژاردەکان هەیە؛ لە کاتێکدا پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، گومانیان لە ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی تاران هەیە و لایەنگری زیاتر لاوازکردنی ئێرانن لە رێگەی لێدانی سەربازییەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و راوێژکارانی وەک ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانوستاندندان.
هاوکات سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە سەرپەرشتیی هەڵمەتی گوشاری ئابووری دەکات، داوای کاتی زیاتر دەکات تاوەکو کاریگەریی سزاکان دەربکەوێت. ترەمپیش رۆژی هەینی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن، بەڵام ئێمە کاتمان لەبەردەستدایە و ئەمە جەنگێکی ئاسایی نییە."
ترسی فراوانبوونی جەنگەکە
وڵاتانی ناوچەکە وەک تورکیا، میسر، عێراق، پاکستان و سعودیە هۆشداری دەدەن و داوای رێگەچارەی دیپلۆماسی دەکەن پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول؛ بەتایبەت کە بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر کۆمارییەکان رووبەڕووی دۆخێکی نالەبار ببنەوە، رەنگە بژاردەی هێرشی سەربازی بەهێزتر بێت.
لە لایەکی دیکەشەوە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوشار دەکات بۆ کردنی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش راستەوخۆ لە دوای هەڵبژاردنەکاندا. هاوکات تاران هەڕەشەی کردووە کە هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزەکەی، بە بۆردوومانکردنی دامەزراوە نەوتی و گازییەکانی کەنداو وەڵام دەداتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی شڵەژانی گەورە لە بازاڕی وزەی جیهاندا و تەشەنەسەندنی جەنگ بۆ بەرەکانی دیکە.
.jpg&w=3840&q=75)

