رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە کاردانەوەی مامەڵەی بەریتانیا لەگەڵ تاران، هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەو وڵاتەیان خستووەتە لیستی تیرۆری خۆیانەوە.
رۆژی یەکشەممە، 01-11-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، هێزی دەریایی و ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیایان خستووەتە لیستی رێکخراوە "تیرۆریستییەکان"ـەوە؛ هەروەها دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتەیان ( MI6)، خستووەتە لیستی "گرووپە دووژمنکارەکان''ـیانەوە.
وەزارەتی درەوەی ئێران بڕیارەکەی بۆ کاردانەوە بەرامبەر رێوشوێنەکانی بەریتانیا لە ماوەی ساڵی رابردوودا لەگەڵ تاران دەگەڕێنێتەوە، لەوانە هاوئاهەنگیی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگی دژی تاران و بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران.
بەپێی راگەیێندراوەکە، بڕیاری گرتنەبەری رێکاری تووند بەرامبەر بەریتانیا، لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستوووەتەڕوو، ''بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە، لە ئەستۆی حکومەتی بەریتانیایە''.
13ـی تەممووزی 2026، حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخاتە لیستی تیرۆرەوە؛ ئەم هەنگاوەش گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان لەندەن و تارانی تووندتر کرد.
ئەوکات وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، "هەر جۆرە پاڵپشتییەک بۆ سوپای پاسداران، قەدەخە دەکرێت."
ئەم بڕیارە دوای چەندین ساڵ لە ململانێ و دووبەرەکیی سیاسی لە ناوخۆی بەریتانیا لەسەر ئەم پرسە هات. بڕیارەکە بە واتای قەدەخەکردنی فەرمیی سوپای پاسداران دێت و هەر جۆرە هاوکارییەک بۆی، بە تاوان هەژمار دەکرێت.

.webp&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)