رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئێران دەڵێت، لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، مەترسیی هەیە ژێرخانی کارەبای ئەو وڵاتە بە تووندی بکرێتە ئامانج.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2026، غوڵامرەزا جەلالی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عەباس عەلیئابادی، وەزیری وزەی ئەو وڵاتە لە تاران باسی ئەگەری هێرشکردنە سەر ژێرخانی وڵاتەکەی لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کرد.
غوڵامرەزا جەلالی رایگەیاند، ئێران توانیویەتی هاوکێشەیەکی نوێ لە بەرامبەر هێرش بۆ سەر ژێرخانی کارەباکەی بسەپێنێت، بەڵام هۆشداری دەدات کە ئەم دۆخە لەوانەیە کاتی بێت و لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە داهاتوودا، مەترسیی ئەوە هەیە، دامەزراوەکان و ژێرخانی کارەبای وڵاتەکە بکرێنە ئامانج.
جەلالی لە درێژەی قسەکانیدا باسی ستراتیژی ئێران لە جەنگی 40 رۆژەدا لە بەرامبەر بە ئامانجکردنی ژێرخانی کارەبای وڵاتەکە کرد و گوتی: "دوای ئەوەی دووژمن هێرشی کردە سەر دوو وێستگەی کارەبامان لە موبارەکە و ماهشەهر، ئێمە هاوکێشەیەکمان هێنایەگۆڕێ و گوتمان، ئەگەر ژێرخانی کارەبای ئێمە بکرێتە ئامانج، ئێمەش تەواوی ژێرخانی ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە میوانداریی ئەمریکا دەکەن دەپێکین."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئێران گوتی، ئێران لە وەڵامدا وێستگەکانی کارەبا و گازی شلی لە قەتەر، ئیمارات، بەحرەین و کوێت کردە ئامانج و لەوێوە دووژمن ئیرادە و هێزی موشەکیی ئێرانی بینی، ئەمەش وایکردووە ئێستا جۆرێک لە توانای بەرگریی پێشوەختەی کاتی بێتە ئاراوە، کە پێویستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر هەیە بۆ داهاتوو.
غوڵامڕەزا جەلالی ئەوەشی خستەڕوو، دووژمنانی وڵاتەکەی پێشتر پلانیان هەبووە لە رێگەی لێدانی کەرتی کارەباوە پشێوی دروست بکەن، بۆ ئەوەی داڕمانی کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە.
قسەکانی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران لە کاتێکدایە، هەوڵی نێوەندگیرەکان، لەوانەش قەتەر و پاکستان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن و دوورخستنەوەی ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ لە ناوچەکە بە بنبەست گەیشتوون و ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی نوێ لە ناوچەکە روو لە زیادبوونە.
لە نوێترین لێدوانیشیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایگەیاند، "ئێمە ئەتۆمییەکەی ئەوانمان لەنێوبردووە، هێشتا دەبێت کار لەسەر یەک یان دوو شوێن بکەین، بەڵام دەتوانین لە ماوەی 10 خولەکدا ئەوە بکەین."
ترەمپ لە کاتی قسەکردنیدا بۆ رۆژنامەڤانان لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە فلۆریدا گوتی: "لەوانەیە سەیری چیای قولەنگ بکەین و پێویستە کار لەسەر ئەوەش بکەین. دەتوانین هەموو ئەمانە زۆر بە خێرایی بکەین."

