رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانی لە کەرتی غەززە رایگەیاند، رۆژی دووشەممە بەهۆی هێرشی ئاسمانی و تەقەی هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی کەرتەکەدا پێنج کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون. لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل دەڵێت، چەند "تیرۆریست"ێکی کردووەتە ئامانج.
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی لە غەززە رایگەیاند، سێ لە قوربانییەکان لە شاری خان یوونس بوون لە باشووری کەرتەکە؛ یەکێکیان بە دەستڕێژی گوللـە و دووانی دیکەش بە هێرشی درۆن کوژراون، کە چادرێکی ئاوارەکان و کۆمەڵێک خەڵکیان لە نزیک کەمپێک کردووەتە ئامانج.
بەسەڵ ئاماژەی بەوەش کرد، لە شاری غەززە لە باکووری کەرتەکە کەسێک بەهۆی بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی سڤیل گیانی لەدەستداوە، کەسی پێنجەمیش لە نێوەڕاستی کەرتەکە بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی بۆمبێکی درۆن کوژراوە.
لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل لە وەڵامی لێدوانێکدا رایگەیاند، لەو ناوچانە هێرشیان کردووەتە سەر چەندین "تیرۆریست".
سەرەڕای ئەوەی ساڵێکە ئاگربەست لە غەززە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام گرژییەکان بە تەواوی نەوەستاون و هەریەکە لە ئیسرائیل و حەماس بەردەوام یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، لە دوای ئاگربەستەکەوە زیاتر لە هەزار و 550 فەلەستینی کوژراون، هەروەها لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە کۆی گشتیی کوژراوان گەیشتووەتە زیاتر لە 74 هەزار و 600 کەس. هاوکات سوپای ئیسرائیلیش لە دوای ئاگربەستەکەوە کوژرانی حەوت سەرباز و بەڵێندەرێکی سڤیلی راگەیاندووە.


.png&w=3840&q=75)
