رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی دووشەممە هێرشی کردووەتە سەر دوورگەی قیشمی ئێران لە تەنگەی هورمز؛ ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، لە هەمان رۆژدا ئاماژەی بە بوونی پێشکەوتن لە دانوستاندنەکان لەگەڵ تاران کرد بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی 8 مانگە لە ناوچەکەدا بەردەوامە.
رۆژنامەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاوە ئاشکرای کرد، بۆردوومانکردنی دوورگەی قیشم، کە گەورەترین دوورگەیە لە تەنگەی هورمزدا، نوێترین هێرشە لە زنجیرەیەک لێدانی سەربازیی سنووردار کە واشنتن لە چەند هەفتەی رابردوودا بە شێوەیەکی نهێنی لە دژی ئێران ئەنجامیداون.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، پێنج دەنگی تەقینەوەی بەهێز بە دوای یەکدا لە دوورگەی قیشم بیستراون، هەروەها بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکەش رایانگەیاندووە کە دوو فڕۆکەی جەنگییان لە ئاسمانی دوورگەکەدا بینیوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کرد، تاوەکو ئێستا ئەمەیان پشتڕاستنەکردووەتەوە.
هێرشی نهێنی بۆ رێگریکردن لە بەئامانجکردنی کەشتییەکان
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای ئەمریکا بۆ ماوەی چەندین هەفتەیە سەرقاڵی ئەنجامدانی هێرشی بچووک و دیاریکراوە لە دژی ئێران.
ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکا ئەو هێرشانەیان بە هەنگاوی "بەرگریکارانە" وەسف کردووە، تاوەکو رێگری لە تاران بکەن لەوەی ئازادیی ئەوەی هەبێت هێرش بکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمزدا؛ کە شاڕێیەکی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی جیهانە و لەوەتەی جەنگەکە لە کۆتایی مانگی شوباتدا دەستیپێکردووە تا رادەیەکی زۆر داخراوە.
رۆژنامەکە دەشڵێت، واشنتن بە ئەنقەست ئەم هێرشانەی بە شێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا رانەگەیاندووە تاوەکو بە مانای دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە لە قەڵەم نەدرێن.
ترەمپ: رێککەوتن ئەگەری هەیە رووبدات
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان کە رۆژی دووشەممە و رێک لە بەروبەستەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکادا، دۆناڵد ترەمپ گوتی کە رەنگە رێککەوتنێک لەگەڵ تاران "رووبدات."
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، کە پێشتر بەهۆی گەمارۆدانی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزببووەوە، رۆژی دووشەممە بەهۆی درووستبوونی گەشبینی بە ئەگەری کۆتاییهاتنی جەنگەکە، بە رێژەی زیاتر لە 7% دابەزی.



.png&w=3840&q=75)