رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، سێ کەشتیی نەوتهەڵگر لەکاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕین بە رێڕەوی قەدەخەکراوی تەنگەی هورمز، بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینە دەریاییەکان تەقینەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2026 رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ کەشتیی نەوتهەڵگر کە سیستمەکانی رادار و شوێنپێهەڵگرتنیان (GPS) کوژاندبووەوە و سەرجەم هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی ئێرانیان پشتگوێ خستبوو، لە بەشی باشووری تەنگەی هورمز بەر مین کەوتوون و گڕیان گرتووە.
سوپای پاسداران دەڵێت، "ئەوە راستیی تەنگەی هورمزە کە دەیبینن نەک ئەوەی فەرماندەی سێنتکۆم باسی دەکات."
رۆژی رابردوو سوپای پاسداران رایگەیاند، لە ماوی 9 رۆژدا 11 کەشتی لە تەنگەی هورمز تەقیونەتەوە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، لە چەند هەفتەی رابردوودا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو، تەواوی مینە دەریاییەکانی نێو رێڕەوە سەرەکییەکانی کەنداو و تەنگەی هورمزیان پووچەڵ کردووەتەوە.
سوپای پاسداران هۆشداریشی دایە سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی، بە رێڕەوی باشووری تەنگەکەدا تێنەپەڕن بەو پێیەی مینڕێژکراوە و "باوەڕ بە بانگەشەکانی سێنتکۆم نەکەن."
تەنگەی هورمز یەکێکە لە هەستیارترین شاڕێگەکانی گواستنەوەی نەوت و وزە لەسەر ئاستی جیهان؛ بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، رۆژانە نزیکەی 20%ی نەوتی خاوی هەناردەکراوی جیهان بەم تەنگەیەدا تێپەڕ دەبێت.
.jpg&w=3840&q=75)

