رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی ئێستای ئەمریکا بەرامبەر وڵاتەکەی، لێکەوتەی ''مەترسیدارتر''ـی دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەنجامی هەر هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران تەنیا ''شکست''ـە.
رۆژی چوارشەممە، 04-11-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پەیامێکی ئاراستەی بەرپرسانی ئەمریکا کرد کە تێیدا هاتووە: ''هەڵسەنگاندنەکانیان سەبارەت ئێمە شکستی هێناوە و گەلی ئەمریکاش [بە ئەنجامی هەڵبژاردن] پەیامێکی روونی پێداون''.
لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا کە دوێنێ سێشەممە بەڕێوەچوو، دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنەکانی پیران و نوێنەران بوونە زۆرینە. ئیمساعیل بەقایی هۆشداریش دەدات، بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی ئێستای ئەمریکا بەرامبەر ئێران، لە داهاتوودا ئەنجامی ''مەترسیدارتر''ـی دەبێت.
هەر دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)، هێرشکردنە سەر دامەزراوەیەکی بەرگریی ئاسمانی لە دوورگەی قیشم پشتڕاست کردەوە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، ''هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان هیچ سەرکەوتنێکی لێناکەوێتەوە و ئەنجامەکەی تەنیا شکست دەبێت''.
پەیامەکەی ئیسماعیل بەقایی لەکاتێکدایە، بەگوتەی بەشێک لە بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا، ئاڵوگۆڕی پەیام لەنێوان تاران و واشنتن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە جەنگ بدۆزرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ رانەگەیێندراوە.
.webp&w=3840&q=75)
