رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هێزێکی تایبەتی نوێ پێکدەهێنێت بۆ ئەوەی رێگری لە ئێران بکات رێگە وشکانییەکان بۆ گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو بەکاربهێنێت. ئەم هەنگاوە نوێیەی ئەمریکا بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران و رێگریکردنە لە گەیشتنی چەک و تەکنۆلۆژیا بە سوپاکانی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم فەرمانی پێکهێنانی هێزێکی بەناوی (دەروازەی ئاسنین) دەرکردووە. ئەم تیمە نوێیە لە نزیکەی 20 کارمەندی سڤیل و سەربازی لە شاری تامپا پێکدێت و راستەوخۆ دەستبەکار دەبن.
ئەرکەکانی تیمی دەروازەی ئاسنین
تیمە نوێیەکەی سێنتکۆم هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا جیاوازەکانی دیکەی حکومەتی ئەمریکا دەکات تاوەکو رێگری لە گواستنەوەی سیستەمی چەکی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای نوێ و کەرەستە قەدەخەکراوەکان بکات. هەروەها ئەرکی تیمەکە بڕینی سەرچاوە داراییە نایاساییەکانە لەسەر سنوورە وشکانییەکانی ئێران و لە دەریای قەزویندا.
سێنتکۆم دەیەوێ لەڕێگەی ئەم تیمەوە تەواوی ئەو رێگە وشکانییانە پەکبخات کە ئێران بۆ گواستنەوەی کەرەستە نایاساییەکان بەکاریان دەهێنێت.
لێدوانی فەرماندەی سێنتکۆم
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند، پێکهێنانی تیمی (دەروازەی ئاسنین) سەرکەوتنی گەمارۆ دەریاییە تووندەکەی سەر ئێران بەهێزتر دەکات. کووپەر گوتی: "بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان سێنتکۆم و دەزگەکانی دیکەی ئەمریکا، توانای ئێران بۆ دابینکردنی پارە بۆ تیرۆر و دروستکردنەوەی کارگەکانی چەک و پڕکردنەوەی کۆگەکانی سوپاکەی زۆر زیاتر سنووردار دەکات."
ئەم بڕیارە نوێیەی سوپای ئەمریکا لە کاتێکدایە کە واشنتن لە چەند مانگی رابردوودا گەمارۆیەکی تووندی دەریایی خستووەتە سەر ئێران و رێگریی لە هەناردەکردنی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار نەوتی خاوی ئەو وڵاتە کردووە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا رێوشوێنی تووندیان لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عەرەب گرتووەتەبەر و بەردەوام پشکنین بۆ هەموو ئەو کەشتییانە دەکەن کە دەچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێیانەوە دەردەچن.
دوای ئەوەی گەمارۆ دەریاییەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی داهاتی ئێران دروستکرد، ئێستا ئەمریکا دەیەوێت لەڕێگەی سنوورە وشکانییەکان و دەریای قەزوینیشەوە هەموو رێگەکانی بەردەم تاران بۆ هەناردەکردنی چەک و بەدەستهێنانی داهاتی نایاسایی دابخات.

