رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ سێ لە بەندکراوانی خۆپێشاندانەکانی زستانی رابردووی لە شاری کەرەج لە سێدارە دران.
رۆژی یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026، ماڵپەڕی (میزان)ی سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، حەسەن دیوبەند، حەمید کازمی، رەزا زەنگەنە، سێ بەندکراوی خۆپێشاندانەکانی شوباتی ئەم ساڵ لە شاری کەرەج، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەسەڵاتی دادی ئێران، ئەو سێ کەسە بە تۆمەتی "هاوکاریی مەیدانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بەشداریکردنی چەکدارانە لە خۆپێشاندانەکانی هەردوو شەوی 8 و 9ی شوباتی ئەم ساڵ، چاڵاکی چەکداری لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، تێکدان و زیانگەیاندن بە ماڵ و موڵکی گشتی، ئاگرتێبەردانی شوێنە گشتییەکان و دامەزراوەکانی کارەبا"، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سزای لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوانە دوای تانەلێدانیان و پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری دادگە لەلایەن دادگەی باڵای ئێرانەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە گرتووخانەیەکی شاری کەرەج جێبەجێ کراوە.
دادگە هەروەها بڕیاری دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی سەرجەم موڵک و داراییەکانی ئەو سێ کەسەی دەرکردووە.
دەسەڵاتی دادی ئێران هەروەها رایگەیاندووە، پەیوەندیدار بە هەمان دۆسیە، 10 کەسی دیکەش دەستبەسەر کراون، کە بە پێنج تاوەکو 10 ساڵ زیندانیکردن سزادراون.
رۆژی سێی ئەم مانگەش، ئێران دوو خۆپێشاندەری دیکە لە شاری ئەسفەهان، بە ناوەکانی ئەمیرحوسێن مەلیکی و ئەمیرحوسێن ئیبراهیمی بەهۆی بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی شەوی 8ی شوباتی ئەم ساڵ لە گۆڕەپانی عەلیخانیی گەرەکی مەلیکشەهری شارەکە لەسێدارەدابوون.
دەسەڵاتی دادی ئێران، ئەو کات رایگەیاندبوو، ئەو دوو بەندکراوە بە تۆمەتی "دژایەتیکردنی خودا (موحارەبە)، گەندەڵی لەسەر زەوی لە رێگەی هەنگاونان دژی ئاسایشی نیشتمانی، شێواندن، تێکدانی رای گشتی و دروستکردنی نائارامی لە ئاستێکی بەربڵاو لە رێگەی چەک و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن" لەسێدارەدراون.
خۆپێشاندانەکانی زستانی رابردووی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، شەپۆلێکی دەستبەسەرکردن و دەرکردنی سزای قورسی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان و دادوەرییەکانی ئێرانەوە بەدوای خۆیدا هێنا، کە تاوەکو ئێستاش کاردانەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لێدەکەوێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)