رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ پلان یان بەرنامەیەک بۆ دیداری راستەوخۆ لەنێوان سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و جێگری سەرۆکی ئەمریکا هەبێت، جەختیش دەکاتەوە شەڕ بە سزاکان کۆتایی نایەت.
رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "هیچ پلانێک بۆ دیداری نێوان موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ئارادا نییە و ئەوەی لە میدیاکاندا باس دەکرێت تەواو دوورە لە راستی و بێبنەمایە."
سەبارەت بە هەوڵەکانی راگرتنی جەنگیش، عێراقچی گوتی: "جەنگ نە بە کردەی سەربازی و نە بە سەپاندنی سزا و گەمارۆ کۆتایی دێت؛ تاکە رێگەچارە بریتییە لە دیپلۆماسی و جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئێران."
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێن کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێک لە میدیا هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە بڕیارە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، دیدارێکی نهێنی و راستەوخۆ لەنێوان موحسین رەزایی و جەی دی ڤانس بە مەبەستی تاوتوێکردنی راگرتنی شەڕ و هێورکردنەوەی کەنداو بەڕێوەبچێت.



