رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت، مووشەکە نوێ و پێشکەوتووەکانی وڵاتەکەی و "سوپرایزە مووشەکییەکان" لە هەر شەڕێکی داهاتوودا دەردەکەون. هۆشدارییش دەدات، ئەگەر "دووژمن" هەڵەیەک بکات، وەڵامی تاران "بێ سنوور دەبێت و دەرەوەی ناوچەکەش دەگرێتەوە."
ئەمڕۆ سێشەممە عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە پەراوێزی پەردەلادان لە شارێکی مووشەکیی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران رایگەیاند، "سوپرایزە مووشەکییەکانی ئێران لە شەڕی داهاتوودا بە بەردەوامی و یەک لەدوای یەک دەردەکەون."
عەبدوڵڵاهی هۆشداریی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل و گوتی، "ئەگەر دووژمن بیەوێت هەر هەڵەیەک بکات، وەڵامی ئێران بێ دیاریکردنی هیچ سنوورێک دەبێت و سنووری ناوچەکە تێدەپەڕێنێت."
عەبدوڵڵاهی تیشکی خستە سەر بەکارهێنانی کەرەستەی سەربازی لەلایەن ئەمریکاوە لە جەنگدا لەگەڵ وڵاتەکەی و گوتی، "ئامارەکان دەریدەخەن کە ئەمریکا لە هیچ جەنگێکدا و لە ماوەیەکی وەهادا بەم قەبارەیە تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازیی بەکارنەهێناوە، بەتایبەتیش تەقەمەنیی پێشکەوتووی سەردەم کە ئێمە شوێنەوارەکانی بەکارهێنانیان لە گۆڕەپانی جەنگدا بە چاوی خۆمان دەبینین."
عەبدوڵڵاهی لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، ئێران خاوەنی چەکی پێشکەوتوو و توانای نوێی مووشەکییە و ئەو دەستکەوتە سەربازییانەش لە ئەگەری هەر رووبەڕووبوونەوەیەکدا بە تەواوی ئاشکرا دەبن و کاریگەریی گەورەیان دەبێت.
هاوکات هەر ئەمڕۆ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا بەبۆنەی پەردەلادان لەسەر شارێکی مووشەکیی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران گوتی، "پەیامی ئەم دەستکەوتە گەورەیە بۆ ئەو دووژمنانەی هێشتا بە زمانی هەڕەشەی سەربازی لەگەڵ گەلی ئێران دەدوێن، زۆر روونە و دەڵێین: لە لێکدانەوەکانتاندا تووشی هەڵە مەبن، چونکە هەر هەڵەیەک بکەن، ئێران لە وەڵامدانەوەیەکی خێرا و سەرووی پێشبینییەکان دوودڵ نابێت. ئەمجارە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جوگرافیای شەڕەکە دیاری دەکەن."
ئەمە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاى وڵاتەکەى رایگەیاند، لەسەر داوای وڵاتانی کەنداو بڕیاری داوە هێرشی سەربازیی نوێ بۆ سەر تاران رابگرێ و دەرفەت بە رێککەوتن بدات، هاوکات هۆشداری دا لەوەى ئەگەر هێرشی سەربازی بکەنەوە، ئەوا "پێنج هێندە گەورەتر دەبێت لە لێدانی یەکەم."



