رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن دەڵێ، تەنگەی هورمز چەكێکی بەهێزە لە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تواناکەی لە هەزاران بۆمبی ئەتۆمی زیاترە. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێران هەرگیز لە بەرامبەر ئەمریکادا خۆی بەدەستەوە نادات."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، لە سەردانێکدا بۆ شاری بەندەرعەباس، ناوەندی پارێزگای هورمزگان باسی جەنگ و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا و دوایین دۆخی تەنگەی هورمزی کرد.
قائیمپەنا گوتی: "تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین توانا جیۆپۆلەتیکییەکانی ئێران و بە بڕوای من، هێزەکەی لە هەزاران بۆمبی ئەتۆمی زیاترە. ئەم تەنگەیە کە پێشتر چەندین جار هەڕەشەی داخستنی کرابوو، لەسەر دەستی جەنگاوەرە بەتواناکانی ئێمە بووە هۆکارێک بۆ دروستکردنی بوومەلەرزەیەکی ئابووری لە جیهاندا و کۆتایی بە تاکڕۆیی ئەمریکا لە کەنداوی فارس و تێپەربوونی کەشتییە جەنگییەکانی هێنا."
لە سەرەتای جەنگەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و هاتووچۆی لە تەنگەکە سنووردار کردووە، ئەوەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی هەبووە و هەیە.
لە بەرامبەردا، ئەمریکاش گەمارۆی دەریایی تووندی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ناوە ناوە هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازی دەکات.
جێگری سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە بەردەوامیی هەڕەشە و گوشارەکانی ئەمریکا کرد و رایگەیاند: "ئێران وەستاوە، دەوەستێت و هەمیشەش بە خۆڕاگری دەمێنێتەوە و هەرگیز لە بەرامبەر ئەمریکادا خۆی بەدەستەوە نادات."
بە گوتەی قائیمپەنا، پێویستە سەرجەم بەرپرس و لایەنە ئێرانییەکان لە سیاسەتی دەرەوە دا یەکریز و یەکدەنگ بن و سیاسەتە گشتییەکانی سیستەم کە بە رێنمایی رێبەری باڵا و لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە دادەڕێژرین، بکرێنە بنەمای کارکردن.
سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکاش، قائیمپەنا جەختی لەوە کردەوە: "هەر کاتێک بەرپرسان و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بە پێویستی بزانن، بڕیار لەبارەی دانوستانەوە دەدەن."
جێگری سەرۆککۆماری ئێران ئەوەشی خستەڕوو، "هەر کاتێک دانوستاندن لە بەرژەوەندیی ئێمەدا بێت و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانماندا بێت، دەکرێ بەدواداچوونی بۆ بکەین و هەر کاتێکیش بارودۆخەکە بیخوازێت، بۆ بەرگریکردن و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئامادەین.
محەممەدجەعفەر قائیمپەنا هۆشدارییەکی تووندی دایە ئەمریکاش و گوتی: "لە هەر شوێنێک بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان بکەونە مەترسییەوە، بۆ کورتکردنەوەی دەستی ئەمریکا لە خاکی خۆمان هەنگاو دەنێین."
واشنتن و تاران تاوەکو ئێستا بە فەرمی دانوستاندنیان رەتنەکردووەتەوە، بەڵام هەردوو لایەن سوورن لەسەر جێبەجێکردنی داوکارییەکانیان. ئێران هەر جۆرە رێککەوتنێک بە جێبەجێکردنی مەرجەکانیان دەبەستێتەوە و ئەمریکاش رژدە لەسەر نەهێشتنی توانای ئەتۆمیی ئێران.

