رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران پشتڕاستیکردەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەری سیریکی باشووری ئێران بیستراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرچاوەی دەنگەکە نازانرێ.
شەوی پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، میدیای ئێران بڵاویانکردەوە، لە بەندەری سیریک سەر بە پارێزگای هورمزگانی باشووری ئێران چەند دەنگێکی بەهێز بیستراوە.
تاوەکو ئێستا سەرچاوەی دەنگە بەهێزەکان نازانرێت، بەڵام میدیای ئێران بە ''تەقینەوە'' ناوی هێناوە.
هەردوو ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز و تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شاری سیریک لە رۆژهەڵاتی پارێزگای هۆرمزگان بیستراوە.
فارس نیوز دەڵێت، "هێشتا سەرچاوە و چۆنیەتی تەقینەوەکان روون نەبووەتەوە، بەڵام هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن ئەم دەنگانە بەهۆی تەقەی ئاگادارکردنەوە بە ئاراستەی کەشتییە سەرپێچیکارەکان لە تەنگەی هورمز بوون."
ئاژانسی تەسنیمیش دەڵێت، ئەگەری ئەوە هەیە دەنگی تەقینەوەکان بەهۆی ئەوەوە بووبێت مووشەک لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە ئاراستەی کەشتییە سەرپێچیکارەکان کرابن.
تەسنیم هەروەها دەڵێت، ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند کاژێریک پێش ئێستا هەواڵی تەقینەوەی دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سەرپێچیکاری لە تەنگەی هورمز راگەیاند.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران، ئیرنا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، بەندەری سیریک لە رۆژهەڵاتی پارێزگای هورمزگان لە لایەن دووژمنەوە کرایە ئامانج، بێ ئەوەی باسی وردەکاریی هێرشەکە بکات.
سیریک دەکەوێتە کەناراوەکانی دەریای عومان و سەرەتای تەنگەی هورمز کە نزیکەی 80 کیلۆمەتر لە باشووری مینابەوە دوورە و لە جەنگی 40 رۆژەدا چەندین جار لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرشی کرایە سەر.

