رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی درۆنەکانیانەوە، سیستمێکی راداریی سەر بە سوپای ئەمریکایان لە بنکەی "شێخ عیسا" لە بەحرێن کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، هێرشەکەی ئەمڕۆ لە وەڵامی "بەردەوامیی بەزاندنی ئاسمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن درۆنەکانی سوپای ئەمریکاوە" بووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە درێژەی ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکانی بەرگریی ئاسمانی و جەنگی ئەلیکترۆنیی سوپا بۆ رێگری، تێکشکاندن و دەستبەسەرداگرتنی درۆنەکانی جۆری MQ و MQM-170، بەرەبەیانی ئەمڕۆ درۆنە جەنگییەکانی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنێکی ورددا سیستمێکی راداریی هێزەکانی ئەمریکایان لە بنکەی شێخ عیسا لە بەحرێن پێکاوە."
سوپای پاسداران ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرپەرچدانەوەی جووڵەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بووە و هۆشداریش دەدات: "بەردەوامیی بەزاندنی ئاسمانی وڵات و بەکارهێنانی بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی ناوچەکە بۆ هەنگاوی دووژمنکارانە دژی ئێران، بێ وەڵام نابێت و بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانی دەکەوێتە ئەستۆی فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا."
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکی دیکەدا بڵاویکردەوە، لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانیان دژی کەرەستە و ئامێرەکانی سوپای ئەمریکا، درۆنێکی دیکەی جۆری (MQM-170)ـی ئەو وڵاتە، لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێکی ورد و سەرکەوتووی جەنگی ئەلیکترۆنییەوە لەلایەن پسپۆڕانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، لە ئاسمانی باشووری دوورگەی قەشم کۆنترۆڵ کرا و بە سەلامەتی لەسەر زەوی نیشتووەتەوە.
سوپای پاسداران دەڵێت، ئەمە نۆیەمین درۆنی ئەمریکیی لەو جۆرەیە کە هێزەکانیان توانیویانە دەستی بەسەردا بگرنە.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
