رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئێران دەڵێ، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر دوورگەی قیشم لە باشووری ئێران. ئەمەش چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسداران رایگەیاند هێرشیان کردووەتە سەر سیستمێکی راداری ئەمریکی لە بەحرێن.
ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان بە میدیای ئێرانی راگەیاند: "هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر چەند شوێنێک لە دوورگەی قیشم، هیچ زیانێکی بە ناوچە نیشتەجێبوون، بازرگانی و ژێرخانەکان نەگەیاندووە."
نەفیسی ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆخی دوورگەی قیشم لە ژێر کۆنترۆڵدایە و سەرجەم دامودەزگا فریاگوزاری، خزمەتگوزاری و جێبەجێکارەکان لە ئامادەبایی تەواودان.
ئەم هێرشەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی هەمان رۆژ، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە رێگەی درۆنی هێرشبەرەوە ئۆپەراسیۆنێکی وردیان ئەنجامداوە و سیستمێکی راداری هێزەکانی ئەمریکایان لە بنکەی ئاسمانیی شێخ عیسا لە بەحرێن کردووەتە ئامانج. سوپای پاسداران ئەو هێرشەی بە وەڵامێک بۆ "پێشێلکارییە بەردەوامە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئاسمانی ئێران" ناوبرد.
لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە و لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، تاران هەوڵی داوە هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەى هورمز سنووردار بکات و پێداگری دەکات لەوەى پێویستە کەشتییەکان تەنیا ئەو رێڕۆیانە بەکاربێنن کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە رێگەپێدراون، بە پێچەوانەوە ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە بەبێ مۆڵەتی ئێران تێدەپەڕن.
لە بەرامبەردا، ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و هاوکاریی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت دەکات بۆ تێپەڕبوون بە تەنگەکەدا، کە لە دۆخی ئاساییدا نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
تاران چەندین جار رایگەیاندووە کە کەشتی لە تەنگەى هورمزدا گڕیان گرتووە و زۆرجار بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەر مینە دەریاییەکان کەوتوون. رۆژی سێشەممە هێزە چەکدارەکانی ئێران رایانگەیاند سێ کەشتیی نەوتهەڵگر لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوون بە هورمزدا بەر مینی دەریایی کەوتوون.
بەڵام سوپای ئەمریکا بەم دواییانە رایگەیاند کە سەرجەم رێڕۆ سەرەکییەکانی تەنگەکە لە مین پاککردووەتەوە، هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) مانگی رابردوو رایگەیاند، لە هاوینەوە هاوکاریی وڵاتانی کەنداوی کردووە بۆ هەناردەکردنی یەک ملیار و 500 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی تەنگەى هورمزەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)