رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بۆ ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، رەخنەی تووندیان لە بەردەوامیی رێگرییەکانی تاران گرت لەبەردەم پشکنەرانی ئاژانسەکە و رایانگەیاند، بەهۆی ئەو ئاستەنگانەوە چیدیکە ناتوانرێت دڵنیایی لە ئاشتییانەبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بدرێت.
لە راگەیێندراوەکەی رۆژی 19ی تشرینی دووەمی 2026ـدا، چوار وڵاتە رۆژئاواییەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگارانەوە تاوەکو ئێستا هیچ پێشکەوتنێک بەدینەهاتووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئێران هیچ زانیارییەکی لەبارەی دۆخی دامەزراوە و مادە ئەتۆمییە راگەیێندراوەکانی نەداوەتە ئاژانسەکە و لە مانگی شوباتی ئەم ساڵیشەوە تەنیا پشکنینی مەیدانی لە وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر کراوە و رێگە بە پشکنینی هیچ دامەزراوەیەکی دیکە، بەتایبەتی چوارەمین وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئیسفەهان نەدراوە.
ئەو چوار وڵاتە نیگەرانیی قووڵییان دەربڕیوە لەوەی کە ماوەی ساڵێک و نیوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم زانیاریی لەبارەی کۆگەی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێرانەوە نەماوە و بەهۆی ستراتیژیی رێگریکردنی تارانەوە، ئاژانسەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ناتوانێت دڵنیایی بدات لەوەی مادە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ مەبەستی نائاشتییانە بەکارنەهێنراون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئێران بەردەوامە لە پشتگوێخستنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای راگرتنی سەرجەم چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و پڕۆژەکانی ئاوی قورس دەکەن.
چوار وڵاتەکە ئاماژەیان بە پابەندبوون بە پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی ناکرێت تاکلایەنە هەڵپەسێردرێت و هیچ هۆکارێکی تەکنیکیش لە ئارادا نییە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسەکە.
لە کۆتاییدا، ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پشتیوانیی خۆیان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دانوستاندنکارانە دووپات کردەوە و داوایان لە ئێران کرد بەبێ دواکەوتن هەنگاوە تەکنیکییەکان جێبەجێ بکات بۆ دەستپێکردنەوەی تەواوەتیی پشکنینەکان و گەڕاندنەوەی متمانە و شەفافیەت لەبارەی سرووشتی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە.
شوباتی ئەم ساڵ ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر تەلئەڤیڤ و وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. دوای دەستپێکردنی جەنگەکە، ئێران رەتی کردەوە هیچ جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو ئاژانسەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بەو هۆیەی کە بە گوتەی خۆیان، زانیارییە "هەڵەکانی" رێکخراوەکە رێگەیان بۆ هێرشکردنەوە سەریان خۆشکردووە.
نیگەرانییەکانی ئێران و گوتەکانی ئەو چوار وڵاتە رۆژئاواییە دوای ئەوە هاتن کە دوێنێ رافائێل گرۆسی لە گوتارێکدا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا رایگەیاند: "یەک شت روونە، باشترین و متمانەپێکراوترین زانیاری سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئەو زانیارییەیە کە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن لە رێگەی جێبەجێکردنی یاسایی دەسەڵاتەکانیانەوە دابینی بکەن."
سەبارەت بە مەرج و نیگەرانییەکانی تاران بۆ دەستپێکردنەوەی هاوئاهەنگییەکان، بەڕێوەبەری ئاژانسە ئەتۆمییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، دەتوانن لەسەر پرسە ئەمنییەکان بگەنە لێکتێگەیشتن و گوتی: "چەندین جار گوتوومە ئەگەر هەر نیگەرانییەکی سەلامەتی یان ئەمنی هەبێت، شتێکە کە دەتوانین لەسەری رێکبکەوین. ساڵی رابردوو لە قاهیرە رێککەوتنێکمان واژۆ کرد کە رێک ئامانجی لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییە تایبەتەکان بوو کە رەنگە ئێران هەیبێت سەبارەت بە دەستگەیشتن بەو دامەزراوانەی هێرشیان کراوەتە سەر. بۆیە هیوادارم بتوانین ئەم هاوکارییە دابمەزرێنینەوە، کە لەم ساتەدا نییە."


