رووداو دیجیتاڵ
هەردوو پارتی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل و گادی ئایزنکۆتی رکابەری، گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی دەستپێکرد و پارتی لیکودیش مەرجی ئەوەی هەیە سیاسەتە سەرەکییەکانی نەتەنیاهوو وەک خۆیان بمێننەوە.
رۆژی یەکشەممە 22-11-2026، شاندەکانی پارتی (یاشار) بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت و پارتی (لیکود) بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهوو، لە هۆتێلێکی شاری هێرزلیا لە نزیک تەلئەڤیڤ کۆبوونەوە؛ ئەمەش دوای گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانیان کە یەکشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو.
ئایزنکۆت کە پێشتر سوپاسالاری ئیسرائیل بوو، تاوەکو 6ـی کانوونی یەکەم کاتی لەبەردەستدایە بۆ پێکهێنانی حکومەت و ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەکەش بۆ 14 رۆژی دیکە هەیە، ئەمەش دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەم هیچ کام لە دوو بەرەکەی نەگەیاندە زۆرینەی رەها.
بەرەکەی ئایزنکۆت کە خاوەنی 48 کورسییە و بۆ گەیشتن بە زۆرینەی پەرلەمان پێویستی بە 61 کورسی هەیە، لە نێوان هاوپەیمانیکردن لەگەڵ پارتە ئایینییە جووە تووندڕۆکان، نزیکبوونەوە لە پارتە عەرەبییەکان، یان پێکهێنانی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی لەگەڵ لیکود، دابەش بووە.
نەتەنیاهوو هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی دەدات، کە رەنگە ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆکوەزیران لە نێوان خۆی و ئایزنکۆتدا لەخۆبگرێت.
ئەم رێککەوتنە رێگە بە نەتەنیاهوو دەدات پارێزبەندیی سیاسیی خۆی لە بەرامبەر تۆمەتەکانی گەندەڵیدا بپارێزێت و بەردەوام بێت لە رەتکردنەوەی پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە لە شکستە ئەمنییەکانی پێش هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس.
بەڵام ئەم بژاردەیە رووبەڕووی رەتکردنەوەی ئایزنکۆت دەبێتەوە کە نایەوێت لە کابینەیەکدا بە سەرۆکایەتیی نەتەنیاهوو کار بکات، هەروەها نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل و هاوپەیمانی ئایزنکۆت، رۆژی شەممە دووپاتیکردەوە، لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا ناچێتە هاوپەیمانییەکەوە لەگەڵ نەتەنیاهوو یان بەرەکەیدا.
پارتی یاشار دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی وەک "پابەندبوونێکی راستەقینە بۆ پێکهێنانی فراوانترین حکومەت" باسکرد، بەڵام پارتی لیکود دەستبەجێ چەند مەرجێکی دانا، لەوانە راگرتنی "هەموو هێرشە کەسییەکان" بۆ سەر نەتەنیاهوو و کۆکردنەوەی هەموو ئەو پارتانەی دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەنێن وەک "دەوڵەتی نەتەوەیی گەلی جوو" بەبێ بەشداریی پارتە عەرەبییەکان کە 19 کورسییان لە پەرلەمان بەدەستهێناوە.
هەروەها لیکود داوای رێککەوتن دەکات لەسەر چەند هەڵوێستێکی سەرەکی، دیارترینیان رەتکردنەوەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین، هێشتنەوەی کۆنترۆڵی ئیسرائیل بەسەر ئەو ناوچانەی لە سووریا، لوبنان و کەرتی غەززەدا دەستی بەسەردا گرتوون، لەگەڵ سازان لەسەر پرسی سەربازیی زۆرەملێ بۆ جووە ئایینییە تووندڕۆکان.
رۆژی هەینی، ئایزنکۆت هۆشداریی دا، رێگە نادات گفتوگۆکان درێژە بکێشن و رایگەیاند، ئامادەیە "حکومەتێکی نیشتمانیی فریاگوزاری" پێشکێشی پەرلەمان بکات. ئەگەرچی وردەکارییەکەی نەخستەڕوو، بەڵام لێدوانەکانی ئاماژەن بۆ پلانێکی دوو قۆناخی کە بریتییە لە پێکهێنانی حکومەتێکی کەمینە لەلایەن پارتە سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دواتر فراوانکردنی.
حکومەتێکی کەمینەی ئایزنکۆت دەتوانێت پشتیوانیی 19 پەرلەمانتارەکەی پارتە عەرەبییەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەڤیگدۆر لیبەرمان، هاوپەیمانە راستڕۆکەی ئایزنکۆت کارکردن لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان رەتدەکاتەوە و لە بری ئەوە داوای هاوپەیمانیکردن لەگەڵ پارتە ئایینییە جووە تووندڕۆکان دەکات.



