رووداو دیجیتاڵ
سوپای لوبنان دەستگیرکردنی سێ کەسی بە تۆمەتی بردنی زیاتر لە 260 کیلۆگرام مادەی تەقەمەنی لە سووریاوە بۆ نێو خاکی وڵاتەکەی راگەیاند؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت مانگی رابردوو دەست بەسەر بارێکی دیکەی تەقەمەنیی حیزبوڵڵادا گیرابوو.
رۆژی یەکشەممە 22-11-2026، سوپای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێریکردن و بەدواداچوون بە درێژایی سنوورەکانی باکوور و رۆژهەڵات، یەکەیەکی سوپا دەستی بەسەر نزیکەی 264 کیلۆگرام تەقەمەنیدا گرت کە بە قاچاخ لە خاکی سووریاوە هێندرابوون."
سوپای لوبنان ئاماژەی بەوەش کردووە، سێ تۆمەتبار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستیپێکردووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی لوبنان رایگەیاند، تەقەمەنییەکان لە رێگەی ناوچەیەکی سەخت و "دەروازەیەکی نایاساییەوە" لە سووریاوە هێندراونەتە لوبنان و هەر سێ دەستگیرکراوەکە "قاچاخچیی سڤیلن و هیچ پاشخانێکی حیزبییان نییە."
هەرچەندە لە راگەیێندراوەکەی سوپادا ناوی حیزبوڵڵا نەهێندراوە، بەڵام چوارشەممەی رابردوو سەرچاوەیەکی دادوەری رایگەیاند، پێنج ئەندامی حیزبوڵڵا تۆمەتبار کراون بە "پێکهێنانی گرووپی چەکدار، چەکدارکردنی خەڵک و دابینکردنی چەک."
ئەو پێنج کەسە سەرەتای ئەم مانگە لە باکووری لوبنان دەستگیر کرابوون کە ناوچەیەکی زۆرینە کریستیانە و لە پێگە سەرەکییەکانی حیزبوڵڵا دوورە.
رۆژی هەینی حوسێن حاجی حەسەن، پەرلەمانتاری حیزبوڵڵا رەخنەی تووندی لەو بڕیارە گرت و رایگەیاند، ئەو کەسانە "بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستبەسەر کراون" و ئەو رێکارانە "پرسیاری جیدی لەبارەی پاڵنەر و ئامانجەکانی پشت ئەم کارانەوە دروست دەکەن." هەروەها یووسف زەین، بەرپرسی راگەیاندنی حیزبوڵڵا هەفتەی رابردوو گوتی، تەنیا یەکێک لەو پێنج کەسە ئەندامی حیزبوڵڵایە و لە کاتی دەستگیرکردنیشیدا "هیچ ئەرکێکی حیزبی جێبەجێ نەکردووە."
مانگی رابردووش دادگەیەکی لوبنان 13 کەسی بە تۆمەتی تێوەگلان لە گواستنەوەی تەقەمەنی بۆ حیزبوڵڵا تۆمەتبار کرد، دوای ئەوەی دەسەڵاتداران دەستیان بەسەر بارێکی نیو تۆنیدا گرت.
ئەو کات حیزبوڵڵا لە دانپێدانانێکی دەگمەندا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە و بارەکەی "سەر بە بەرەی بەرگرین" دژی ئیسرائیل و داوای گەڕاندنەوەی بارەکەی کرد.



