رووداو دیجیتاڵ
سزای لێدانی قامچی بەسەر خانمە هونەرمەندێکی ئێرانی و چوار کەسی دیکە جێبەجێ کرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2026، مستەفا نیلی، پارێزەری پەرەستوو ئەحمەدی رایگەیاند: "سزای لێدانی 74 قامچی بەسەر خانمە هونەرمەند پەرەستوو ئەحمەدی و 4 کەسی دیکە لە قوم جێبەجێ کرا."
مستەفا نیلی گوتی: "دوای پەسندکردنی سزاکەیان و ناردنی دۆسیەی پەرەستوو ئەحمەدی، سوهەیل فەقێ نەسیری، ئەمین تاهیری، ئەمید عەلی پیرنیا و موحسین لەشکری بۆ دادگای قوم، ئەمڕۆ سزاکەیان جێبەجێ کرا."
11-12-2024 پەرەستوو ئەحمەدی لە یەکێک لە کاروانسەراکانی ئەو وڵاتە بەبێ لەبەرچاوگرتنی باڵاپۆشی، کۆنسێرتێکی ساز کرد کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە کەناڵی یوتیوبی خۆی پەخشی کرد.
پەرەستوو ئەحمەدی لە کۆنسێرتەکەیدا گۆرانییەکانی مەرا ببووس (ماچم بکە)، ئەز خوونێ جەوانانێ وەتەن (لە خوێنی گەنجانی نیشتمان)، عەزیز جوون (ئازیز گیان) و چی سازەم (چی بنیات بنێم)ی گوتەوە.
پەرەستوو ئەحمەدی لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 2022، گۆرانیی ئەز خوون جەوانانێ وەتەن (لە خوێنی گەنجانی نیشتمان)ی گوت، بەو هۆیەوە لە پاییزی ساڵی 2023 لە دادگەی تاران دۆسیەیەکی لە دژ کرایەوە و دادگایی کرا.
لە ئێران، باڵاپۆشی بۆ ژنان پابەندییە و بە یاسا رێکخراوە و نابێ جگە لە رووخساریان هیچ شوێنێکی جەستەیان دیار بێت؛ هەروەها بە پێی یاساکانی ئێران، لە ساڵی 1979ـەوە ژنان مافی ئەوەیان نییە گۆرانی بڵێن.
رۆژی 18ی حوزەیرانی 2026، دەسەڵاتی دادی ئێران لێدانی 74 قامچی و قەدەخەی کاری هونەری و دوو ساڵ قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی ئێران بۆ سەر پەرستوو ئەحمەدی و 8 میوزیکژەن دەرکرد.




