رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شیراز دەڵێ، لە 24 کاژێری رابردوودا نزیکەی 30 کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی پیشەسازیی (ساختەوە) ژەهراوی بوون کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە. لە شاری نەیشابووری سەر بە پارێزگای خوراسانی رەزەویش 4 کەس بە هەمان هۆکار گیانیان لەدەستدا.
ئەمین نیاکان، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شیراز رایگەیاند، 30 کەس بەهۆی ژەهراویبوون بە کحولی ساختەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
سەبارەت بە رەوشی تەندروستیی ئەو کەسانە، ئەمین نیاکان گوتی، بەهۆی بەرزیی ژەهراویبوونەکە و ناجێگیریی باری تەندروستییان، یەکێک لە نەخۆشەکان گیانی لەدەستدا و چوار کەسەکەی دیکەش لە بەشی چاودێریی چڕ خەوێندراون.
هاوکات شەوی رابردوو لە شاری نەیشابووری سەر بە پارێزگای خوراسانی رەزەوی، 4 کەس بە هۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستدا و 120 کەسیش ژەهراوی بوون.
میلاد حەیدەریان، جێگری بەڕێوەبەری زانکۆی پزیشکی نەیشابوور رایگەیاند، 14 کەس لەوانەی ژەهراویبوون، لە بەشی چاودێری چڕ خەوێندراون.
فرۆشتن و خواردنەوەی کحول لە ئێران قەدەخەیە، تەنیا کەمینە ناموسڵمانەکان، وەک کریستیان و جوو لەم قەدەخەیە بەدەرکراون، بەو مەرجەی لە شوێنە گشتییەکاندا نەخۆنەوە. بەڵام بازاڕی بەرهەمی قاچاخ کە هەندێکیان ساختەن لەو وڵاتەدا هەیە



