رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران دەڵێ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوت دوای ئەوەی لە تەنگەى هورمز بەر مینی دەریایی کەوتن، گڕیان گرت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026 هێزی دەریایی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوت کە سیستمی رادار و دیاریکردنی شوێنیان کوژاندبووەوە و بە نهێنی هەوڵیاندەدا بە رێڕۆیەکی رێگەپێنەدراوی تەنگەى هورمزدا تێپەڕن، بەر مینی دەریایی کەوتن و گڕیان گرت."
سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکات، "کەشتییەکان نەوتهەڵگر بوون و بڕێکی زۆر نەوتی خاویان هەڵگرتبوو، بەهۆی تەقینەوە و گڕگرتنیانەوە لە ئاوەکانی باشووری کەنداو، پەکیان کەوت."
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا ناو، خاوەن یان ئاڵای هەڵکراوی وڵاتی کەشتییەکان ئاشکرا نەکراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، دوێنێ سوپای پاسداران گڕگرتنی چوار کەشتی نەوتهەڵگری لە تەنگەی هورمز راگەیاند.
دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە، تاران مەرجی تووندی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەى هورمز داناوە و داوا دەکات، هەموو کەشتییەک پێشوەختە رەزامەندیی ناوەندی کۆنترۆڵی دەریایی ئێران وەربگرێ، بە پێچەوانەوە دەکرێ بکرێتە ئامانج.
لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو رێڕەوەدا ئەنجام دەدات.




